ئه‌یلول 21, 2024

Select your Top Menu from wp menus

له‌ تیرۆركردنی جه‌سته‌ییه‌وه‌ بۆ هاككردنی فكری

نیاز عه‌بدوڵڵا:

سه‌رنووسه‌ری یه‌كه‌م رۆژنامه‌ی ئه‌هلی ئازاد و سه‌ربه‌خۆ بوو له‌ هه‌رێمی كوردستان، ئێستا به‌ بودجه‌ی چه‌ندین ملیۆن دۆلار كار بۆ تازه‌ترین ده‌زگای راگه‌یاندنی ئه‌منی سیخوڕی ده‌كات.
به‌رگریكاره‌ له‌ ماف و ئازادی كاری رۆژنامه‌وانی، به‌ڵام به‌ پاره‌ و هاوكاری بنه‌ماڵه‌ سیاسییه‌ بكوژه‌كه‌ی رۆژنامه‌ونووسان كاری رێكخراوه‌كه‌ی به‌ڕێوه‌ ده‌بات، به‌ڵام رۆژنامه‌ی ئاوێنه‌ له‌به‌ر نه‌بوونی پاره‌ نه‌یتوانی به‌رده‌وام بێت، به‌شێك له‌ میدیای ئۆپۆزسیۆنیش به‌ پاره‌ی یه‌كێتی و پارتی په‌یامی میدیایی ئۆپۆزسیۆنییان دژ به‌ حوكمڕانی نادیموكراتی هه‌رێم درێژه‌ پێداوه‌.

ساڵانی رابردوو پارتی دیموكرات و یه‌كێتی نیشتیمانی پێویستییان به‌ هه‌ڕه‌شه‌ی به‌رده‌وام و گوللە‌ و تیرۆری جه‌سته‌یی بوو بۆ له‌ناوبردنی رۆژنامه‌نووسان و كپكردنی ده‌نگیان، به‌ڵام ئێستا به‌بێ ئه‌وه‌ی تۆمه‌تبار بكرێن به‌ كوشتن و له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان خۆپیشادانیان له‌ دژ بكرێت و له‌ راپۆرته‌ ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ناویان بهێندرێت، پاره‌ بۆ كڕینی رۆژنامه‌نووسانی ناسراو خه‌رج ده‌كه‌ن و له‌ ده‌زگا راگه‌یاندنه‌كانیان پێگه‌یان پێده‌ده‌ن له‌پاڵ رۆژنامه‌نووسه‌ حیزبییه‌كانی خۆیان.
ئه‌وان له‌ رێگای سیاسه‌تی برسیكردن و لاوازكردنی ده‌زگا راگه‌یاندنه‌ ئه‌هلییە سه‌ربه‌خۆكان، توانییان به‌شێكی زۆری رۆژنامه‌نووسان كه‌ پێشتر ده‌نگیان به‌رزبوو دژ به‌ خراپی سیسته‌می سیاسی و رۆڵیان هه‌بوو له‌ ئاشكراكردنی گه‌نده‌ڵییەكان، لە رێگای پاره‌وە فكریان هاك بكه‌ن و “هەژماری كه‌سایه‌تییان” بخه‌نه‌ خزمه‌ت پرۆژه‌ گه‌وره‌كه‌ كه‌ چه‌سپاندنی دیكتاتۆرییه‌ته‌.
ئێستا ئه‌و رۆژنامه‌نووسانه‌ی له‌ رابردوو دژ به‌م جۆره‌ سیسته‌مه‌بوون، ته‌نیا ژماره‌یه‌كن له‌ناو ژماره‌كانی دیكه‌ی رۆژنامه‌نووسانی حیزبی، كه‌ رۆڵ ده‌بینن بۆ سپیكردنه‌وه‌ی سیاسه‌تی ره‌شی به‌رپرسانی حكومی و به‌رپرسانی ئه‌منی و سه‌رمایه‌دارانی سیاسی.
گومانم له‌وه‌دا نییه‌ پارتی و یه‌كێتی و هه‌ندێك حیزبی ئۆپۆزسیۆنیش بۆیان بلوێت، ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌ ئازا و ئازادنه‌ی كه‌ ماونه‌ته‌وه‌ و فكریان هاك نه‌كراوه، یه‌ك له‌دوای یه‌ك تیرۆریان ده‌كه‌ن. رۆژانی داهاتوو ئه‌و دیمه‌نه‌مان جوانتر پیشانده‌دات كه‌ ناوه‌ندی میدیای كوردی چۆن ده‌بێته‌ گۆڕستانی میدیاكاره‌ دیموكراتخوازه‌كانی رابردوو و، ژماره‌یه‌كی ئێجگار كه‌م له‌ ده‌زگای راگه‌یاندن و میدیاكار ئازایانه‌ له‌به‌رگریكردن و خۆڕاده‌ستنه‌كردنیان به‌ حیزبه‌ سیاسییه‌كان به‌رده‌وام ده‌بن.

پێویسته‌ له‌ دووه‌م ساڵیادی تیرۆركردنی رۆژنامه‌نووس ویداد حوسێن دا، ئه‌و وێنه‌ گه‌وره‌یه‌ی تیرۆری رۆژنامه‌نووسان ببینین كه‌ له‌ رێگای پاره‌وه‌ ده‌كرێت نه‌ك تەنیا بە گوللە. به‌م جۆره‌ پاشه‌كشه‌یه‌ی میدیا له‌ كوردستان ته‌مەنی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی ویداد و سۆران و كاوه‌ و عه‌بدولستار و سه‌رده‌شتی تیرۆركرد درێژتر ده‌بێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ته‌مه‌ن درێژییه‌كه‌ی قورستر ده‌كه‌وێت چونكه‌ میدیاكارانی راسته‌قینه‌ ته‌نیا گوللە ‌ ده‌یانبڕێ نه‌ك پاره‌.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *