ئاژانسی ڕۆژنیوز لە نۆیەمین ساڵیادی شەهید وەدات جەختی کردەوە، ساڵ بە ساڵ دڵسۆزانەتر داکۆکی لە کەیسەکەی دەکەین و دەبێت ئەو دەسەڵاتەی دەستی سوورە بە خوێنی ڕۆژنامەنووسان، بکوژان ئازاد دەکات و ڕۆژنامەنووسان زیندانی دەکات، لە دادگای گەلدا سزا بدرێت و باجی تاوانەکانی بدات.
لێرەدا جەخت دەکەینەوە لەوەی، ساڵ بە ساڵ سوورتر و دڵسۆزانەتر داکۆکی لەم کەیسە دەکەین و نە لە یادی دەکەین و نە لە بکوژانی خۆش دەبین، ئەو دەسەڵاتەی کە جاش و مستەشارە ئەنفالچییەکان دەپارێزێت و دەستی سوورە بە خوێنی ڕۆژنامەنووسان، هەروەها بکوژان ئازاد دەکات و ڕۆژنامەنووس زیندانی دەکات، دەبێت لە دادگای گەلدا سزا بدرێت و باجی تاوانەکانی بدات.
ئەمڕۆ، لە مەراسیمی نۆیەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی شەهیدی قەڵەم وەدات حسێن، لە سەنتەری میترۆ لە شاری سلێمانی، پەیامی ئاژانسەکەمان لەلایەن کەمال حەمەڕەزا، بەڕێوەبەری کۆمپانیای چەتر بۆ بەرهەمهێنانی میدیایی خوێندرایەوە.
دەقی پەیامەکەی ڕۆژنیوز بەمشێوەیەیە:
“سەرەتا بە ناوی ئازادیی
نە لەیادی دەکەین، نە لێیان دەبوورین
ئەمڕۆ نۆ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر تیرۆرکردنی شەهید وەدات حسێن، ڕۆژنامەنووسی بوێر و ئازادییخوازی دەڤەری بادینان و پەیامنێری ئاژانسەکەمان ڕۆژنیوز، بە دەستی دەسەڵاتێکی سیاسیی خێڵگەرای نەخوێندەوار.
ئێمە لە کەسێتی شەهید وەدات حسێندا، سەرجەم شەهیدانی قەڵەم و ڕاگەیاندنی ئازاد بەبیردەهێنینەوە و بەڵێنی هەڵگرتنی قەڵەمەکانیان و درێژەدان بە ڕێگاکەیان دووپات دەکەینەوە.
بەداخەوە لە پاش نۆ ساڵ، هیچ بەرەوپێشچوونێک لە کەیسی تیرۆرکردنی شەهید وەدات حسێندا نییە، بکوژانی دەستگیرنەکراون و کەیسەکەشی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە داخراوە، بەڵام لای ئێمە و هەموو ئازادییخوازان بە کراوەیی ماوەتەوە و هەرگیز کۆڵنادەین، تا ئەوکاتەی تاوانباران لە دادگایەکی دادپەروەرانەدا بە سزای خۆیان دەگەن.
ئەمڕۆ لە بری زیندانییکردنی بکوژانی ڕۆژنامەنووسان، هەریەک لە (قارەمان شوکری و شێروان شێروانی) کە هەڵگریی خەڵاتی شەهید وەدات حسێنن، لەگەڵ بەشێک لە ئازادییخوازانی بادینان، لە زیندانی حزبدان.
ئێمە لە نۆیەمین ساڵیادی شەهید وەدات حسێندا دووپاتی دەکەینەوە، پەدەکە تاوانباری سەرەکی تیرۆرکردنی شەهید وەدات حسێنە، تەنانەت دوای مەرگیشی، لە ناوهێنان و یادکردنەوەی دەترسن و هەموو ساڵێک لەم ڕۆژەدا چواردەوری گڵکۆی شەهید وەدات دەکەن بە سەربازگە.
لێرەدا جەخت دەکەینەوە لەوەی، ساڵ بە ساڵ سوورتر و دڵسۆزانەتر داکۆکی لەم کەیسە دەکەین و نە لە یادی دەکەین و نە لە بکوژانی خۆش دەبین، ئەو دەسەڵاتەی کە جاش و مستەشارە ئەنفالچییەکان دەپارێزێت و دەستی سوورە بە خوێنی ڕۆژنامەنووسان، هەروەها بکوژان ئازاد دەکات و ڕۆژنامەنووس زیندانی دەکات، دەبێت لە دادگای گەلدا سزا بدرێت و باجی تاوانەکانی بدات.
هەروەها دەسەڵات دڵنیا دەکەینەوە، بە تیرۆر و گرتن و تۆقاندن ناتوانێت یەک تۆسقاڵ لە پەیام و پڕەنسیپ و ئامانجە باڵاکانی شەهید وەدات، پاشەکشێمان پێ بکات.