حوزه‌یران 16, 2025

Select your Top Menu from wp menus

وەدات هەمان رێچکەی سۆران و سەردەشت و کاوەیە

ڕۆژنیوز _ ئاوات هاوار: تیرۆر و کوشتن و لەسێدارەدران چارەنووسی هەرە نزیکی ڕۆژنامەنووسان و نووسەران و ئازادیخوازانە لەم وەڵاتەدا، یەکەم جار نیە و دوایین جاریش نابێت کە تیرۆری دڕندانەی لەم چەشنە بەسەر ڕۆژنامەنووسان دێت، پاش تیرۆری سۆرانی مامە حەمە و سەردەشت عوسمان و کاوە گەرمیانی، وەدات حسێن بوو بە قوربانی تیرۆری هێزە دەسەڵاتخوازەکانی هەرێمی کوردستان.

سۆرانی مامە حەمە لە ساڵی ٢٠٠٨، لە تەمەنی ٢٣ ساڵان لە شاری کەرکووک و لەبەردەم ماڵی خۆیدا کوژرا، دوو مانگ بەر لە کوژرانی هەڕەشەی کوشتنی لێکرابوو، کەس گوێی نەدایە تا کاتێک کە کوژرا، دۆسیەی تیرۆری سۆرانی مامە حەمە پاش هەشت ساڵ هێشتا داخراوە، دەوترێت ئێستاش کاتێک ناوی سۆرانی مامە حەمە دەهێنرێت ناوی دوو کەسی دیکە وەکوو بکوژەکانی دەهێنرێن بەڵام هیچ بەڵگەیەکی سەلمێنەر بە هۆی کەمتەرخەمی دادگاوە لە ئارادا نیە، وەکوو هەموو تیرۆرەکانی دیکە لە کەیسی سۆرانی مامە حەمە پارتی یەکەم گومانلێکراوە.

سەردەشت عوسمان لە بابەتێکدا دەنووسێت:” تا ئه‌و شوێنه‌ی که ‌ماوین ئه‌بێت قسه‌بکه‌ین، له‌و شوێنه‌ش، که ‌ته‌مه‌نمان کۆتاییهات با هاوڕێکه‌م خاڵێکم بۆ دابنێت و بێته‌ سه‌ر دێڕێکی نوێ و سه‌ر له‌نوێ ده‌ستپێبکاته‌وه‌”.

٤ی ئایاری ساڵی ٢٠١٠، کاتێک سەردەشت عوسمان دەیویست رۆژێکی ئاسایی وەک هەموو ڕۆژانی دیکەی دەستپێبکات، هیچ کات بیری لەوە نەدەکردەوە کە لە لایەن دەزگا ئەمنیەکانی پارتی دیموکڕاتی کوردستانی عێراقەوە چارەنووسێکی بەم شێوەیە ڕەش چاوەڕێیەتی، سەردەشت عوسمان لەبەر دەم زانکۆی سەلاحەدینی شاری هەولێر ڕفێندرا و تەرمەکەی پاش دوو ڕۆژ لە شوێنێکی دیکە دۆزرایەوە.

شایەد کاوە گەرمیانی دەیزانی، ئەگەر خاڵێک لە کۆتای ژیانی سەردەشت عوسمان دابنێت و بێتە سەر دێڕێکی نوێ بۆ نووسین تووشی هەمان چارەنووس دەبێت، بەڵام ئەم کارەی کرد، هەموو نووسەر و ڕۆژنامەنووسێکی سەربەخۆی ئەم وڵاتە لایەکی بیری لای جووڵانەوەی دەست و پەنجەکانی بۆ نووسینە و لایەکی دیکەشی لە لای هەڕەشە و مەترسی کوژران و تیرۆر، کاوە گەرمیانی تەنها ٤٨ کاتژمێر بەر لە تیرۆری لە شاری سلێمانی بەشداری کۆبوونەوەیەکی کردبوو کە داوای پەسندکردنی یاسایەکیان دەکرد بۆ ئازادی کاری ڕاگەیاندن، بەڵام ئازادی ڕاگەیاندن لە کوێ و بەر دەسرێژی گولە کەوتن لە کوێ؟

لە درێژەی ئەم زنجیرە تیرۆرانەدا، دوێنێش لە دهۆک، قەڵەمێک کوژرا، دوێنێ وەدات حسێن عەلی سەر لەبەیانی ڕفێندرا بۆ شوێنێکی نەزانراو و پاش چەند کاتژمێر ئەشکەنجە جەستەی کوژراوی دۆزرایەوو و بوو بە خاڵێکی ڕەشی دیکە لە مێژووی ئەم وڵاتەدا تا شەهیدی قەڵەمی دیکە کەڵەکە بێت لەسەر شان و کۆڵی پڕ لە ئازاری گەلی کورد.

لەم بارەیەوە مەنسور تەیفوری نووسەر و ڕۆژنامەنووسی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دانیشتووی باشوری کوردستان لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنیوز، وتی:” ئەمە یەکەم جار نیە کە شتی لەم چەشنە ڕوودەدات، هەموومان سەردەشت و سۆران و کاوە و زۆر کەسی دیکەمان لە بیرە، کاتێک کە ڕۆژنامەنووسێک دەکوژرێت مەترسی یەکەم ئەمەیە کە ڕەوتی بەردەوامی کوشتن و تیرۆر کە حیزبە دەسەڵاتدارەکان نوێنەرایەتی دەکەن تایبەت بکەینەوە بە تیرۆری ڕۆژنامەنووسان و نووسەران، نابێت لە بیرمان بچێتەوە کە ئەمە تەنها بەشێکە لە پڕۆسەیەکی بەردەوام لە تیرۆر و کوشتن.”

وتیشی: “بۆیە نابێت تەنها بۆ تیرۆری ڕۆژنامەنووسان وەکوو ڕۆژنامە نووس ئامادە بین و داکۆکی لە مافمان بکەین، بێگومان دەبێت کە ڕۆژنامەنووسان کۆ ببنەوە، بەڵام دەبێت داکۆکی لە شتێکی گەورەتر بکەن، باس لەوە بکەن کە تیرۆر بنچینەی ئەم سیستەمەیە، ئەم تیرۆرە بەردەوامانە شتێکمان وەبیر دەخەنەوە، ئەویش ئەمەیە کە ئێمە لە کامپدا دەژین،کامپێک کە لەودا ئەگەری ڕوودانی هەموو شتێک هەیە.”

ئەوەشی خستەوڕوو: “تیرۆری ڕۆژنامەنووسان ئەمەش ئاشکرا دەکات کە ئایا هەموو ئەوانەی کە بە کاری ڕۆژنامەنووسیەوە مەشغوڵن ڕۆژنامەنووسن؟ ئایا ڕۆژنامەنووسانی K24 و ڕووداو و کاناڵە حیزبیەکانی دەسەڵات ئازادیان پێویستە؟ ئایا ئەوان بۆ ئازادی ڕاگەیاندن کار دەکەن یان تەنها کاریان ئەوەیە؟ پێویستە جیاکاریەک لە ئارادابێت، سۆرانی مامە حەمە و سەردەشت عوسمان و هەڤال وەدات و ڕۆژنامەنووسانی سەربەخۆ لە لایەک، ئەوانی دیکەش لە لایەک، ڕێبوار کەریم وەلی و سوپر ستارەکەنی کاناڵەکانی دەسەڵات ڕۆژنامەنووس نین، دووکاندار و کاسبکارن”.

ناوبراو باسی لە بەشداری ناڕاستەوخۆی ڕۆژنامەنووسانی دەزگا ڕاگەیاندنەکانی سەر بە دەسەڵات کرد و وتی:” بێگومان ئەگەر تیرۆرێک دەکرێت هەموو ڕۆژنامەنووسانی کاناڵەکانی دەسەڵات بەشێکن لەو تیرۆرە، ئایا ڕۆژنامەنووس دەبێت چاوی دابخات کاتێک ئەو حیزبەی کە ئەو خەریکە کاری بۆ دەکات مرۆڤ دەکوژێت؟ بێدەنگ بێت کاتێک حیزبەکەی، ٥٠٠هەزار هاوڵاتی ئێزدی بە دوو کاتژمێر بێ بەرگری بۆ چەتەکان جێ دەهێڵێت؟ کەواتە دەتوانین بڵێین کە ڕۆژنامەنووسی بۆ کۆمەڵێک کەس لە پێناو ئازادی و ئایدیالەکان ئەنجام دەدرێت و بۆ کۆمەڵێکی دیکە تەنها کاسبی و پیشەیە”.

تەیفوری بەردەوام بوونی دۆخی نائاسایی لە هەرێمی کوردستان شیکردەوە و وتی:” ئەوەی کە ئێمە لە کوردستاندا تێیدا دەژین، کامپێکی ژێر دەسەڵاتی چەند حیزبی دەسەڵتخوازی تۆتالیتەرە کە تێیدا، لە هەر چرکە ساتێکدا ئەگەری ئەمە هەیە هەموو شتێک بۆ هەر کەسێک ڕووبدات، هیچ یاسایەک لەم کامپە گەورەیەی ئێمە تێیدا دەژین نیە”.

مەنسور تەیفوری لە کۆتایی قسەکانیدا باسی لە بێ-کاریگەری بەدواداچوونەوەی یاسایی بۆ ئەم ڕووداوانە کرد و وتی:” بۆ کەیسەکانی پێشتر هیچ بەدواداچوونەوەیەک کاریگەر نەبوو، بۆ سەردەشت عوسمان وتیان ئەو خۆی تیرۆریست بووە، ئەمە پێکەنیناویە لە کاتێکدا لایەک لە خەڵکی هەولێر ناو و ناونیشانی بکوژەکەی دەزانێت، بۆیە بەدواداچونەوەی یاسایی بە جۆرێک واتای نیە، پێم وایە بۆ ئەم کەیسەش هەر بەم شێوەیە بێت، لە کوردستان دۆخێکی نائاسایی لە ئارادایە کە تۆ ناتوانی بە پێی یاسا هیچ کەسێک بانگهێشت بکەی بۆ دادگا.”

رونیشیکردەوە: بۆ نموونە ئێمە لە تورکیا و لە باکوری کوردستانیش دۆخێکی نائاساییمان هەیە، لە دۆخی نائاساییدا دەسەڵات مرۆڤێکی ئایدیال دابین دەکات و ئەوەی لە چەشنی ئەو مرۆڤە نەبێت دەکەوێتە دەرەوەی بازنە و دۆخی نائاساییەوە، بۆ دەسەڵاتی تورکیا مرۆڤی ئایدیال پیاوی تورکی موسڵمانی لایانگری ئاکەپەیە، بۆ دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان مرۆڤی ئایدیال بریتیە لە مرۆڤێکی گوێڕایەڵی عەشیرەی بارزانی، لە دەرەوەی بازنەی ئەوان بۆ هەموو کەسێک ئەگەری ڕوودانی هەموو شتێک هەیە، هەر وەک چۆن لە کامپەکانی ئاشویتس مرۆڤەکانیان کۆ دەکردەوە و پاشان نیوەیان زیندوو دەمان و نیوەی دیکەیان لەناو دەچوون، کەسیش نەیدەزانی چیان لێ بەسەر هاتووە، ئێمەش لە دۆخێکی بەم شێوەیەدا دەژین”.

یەكشەممە, 14 أغس 2016

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *