حوزه‌یران 16, 2025

Select your Top Menu from wp menus

چاوی ئەمڕۆ: تیرۆری ڕۆژنامەنووسان هەرێم بەرەو تاریکی دەبات

ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان: کاردانەوەی تیرۆرکردنی پەیامنێری ئاژانسەکەمان ئاژانسی ڕۆژنیوز لە پارێزگای دهۆک، وەدات حوسێن بەردەوامەو لەونێوەندەدا رێكخراوی چاوی ئەمڕۆ بۆ چاودێری كاری رۆژنامەوانی ڕایدەگەینن کە نابێت بەهیچ شێوەیەک تیرۆری ئەو ڕۆژنامەنووسە بەئاسانی تێپەڕێت.

لە بەیاننامەیەکدا کە ئەمڕۆ بڵاوکراوەتەوە، رێكخراوی چاوی ئەمڕۆ بۆ چاودێری كاری رۆژنامەوانی کە بارەگاکەی لە شاری هەولێرە ئاماژە بەوەکراوە:”بە رۆژی روناك و لە گەڕەكی ماڵتا لە دهۆک، بە بەرچاوی هەموو خەڵكی دهۆك و بە ئاشكرا، دوو ئۆتۆمبێلی پڕ چەكدار هەڵدەكوتنە سەر رۆژنامەنووسی شەهید وەدات حسێن پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی رۆژنیوز و دەیڕفێنن، پاشان تەرمەكەی بە شەهیدكراوی لەسەر رێگای سمێل – دهۆک دەدۆزرێتەوە كە ئاسەواری ئەشكەنجەدانێكی دڕندانە بە تەرمەكەیەوە دیارە”.

لە بەیاننامەی ئەو ڕێکخراوەدا هاتووە:”ئەم كردەوە وەحشیگەریە دووبارەبوونەوەی ئەو زەنگە خەتەرناكەیە لە دوای شەهیدانی قەڵەم ( سۆران و سەردەشت و كاوە) چەندینی تر لە قوربانیانی تیرۆر، كە ئەم هەرێمەمان بەرەو تاریكی دەبەن، ئەم هەرێمەمان بەرەو هەرێمی كوشتوبڕ و داپلۆسین و تیرۆر و تۆقاندن دەبەن”.

هەرەها هاتووە:”رێكخراوی چاوی ئەمڕۆ بۆ چاودێری كاری رۆژنامەوانی ئەم كردەوە قێزەون و بێزراوە شەرمەزار دەكات و بەرپرسیاریەتی دۆزینەوەی تاوانباران دەخاتە ئەستۆی دامودەزگا ئەمنیەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پارێزگای دهۆك، پێویستە هەر چی زووە تۆمەتباران (هەر كەسانێك بن) رووبەرووی یاسا و دادپەروەری بكرێنەوە، داواكارین لە حاڵەتی دواخستن و كەمتەرخەمی لایەنە پەیوەندیدارەكان داواكاری گشتی بە ئەركی یاسایی و پیشەیی و ویژدانیی خۆی هەستێ و بە هێزی یاسا گوشار بخاتە سەر لایەنە پەیوەندیدارەكان”.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا ئەمەیان ڕاگەیاندووە:”هەر لێرەشەوە رایدەگەیەنین كە بە هیچ شێوەیەك نابێ تیرۆكردنی رۆژنامەنووس وەدات حسێن وا بە ئاسانی تێپەڕێت و داوا لەسەر جەم رووناكبیران و رۆژنامەنووسان و مەدەنیخوازانی گەلەكەمان دەكەین كە هەموو شێوازێكی مەدەنیانە بگرنە بەر بۆ رەتكردنەوەی تیرۆر و دەستەبەركردنی ئازادی رۆژنامەوانی لە هەموو كونجێكی ئەم هەرێمەمان”.

س.ح

یەكشەممە, 14 أغس 2016

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *