حوزه‌یران 16, 2025

Select your Top Menu from wp menus

لە ڕانیە بەگردبوونەوە تیرۆری وەدات شەرمەزار کرا

رۆژنیوز – محەمەد حەسەن: ئێوارەی ئەمرۆ رۆژنامەنووسان و رێكخراوە مەدەنیەکان و چالاكوانانی شارۆچكەی ڕانیە لە پاركی گشتی شارەكە بە گردبوونەوەیەكی جەماوەری ئیدانەی تیرۆری پەیامنێری ئاژانسەکەمان رۆژنامەنووس وەدات حسێن كرا.

لە گربوونەوەکەدا لێدوانێک لەلایەن رۆژنامەوان ئۆمید رەسوڵەوە خوێندرایەوە كە تێدا هاتبوو، لە ژێر دروشمی تیرۆری قەڵەم نامان وەستێنیت ئێمە وەك رۆژنامەنوسان و چالاكوانان و رێكخراوەكانی كۆمەڵەی مەدەنی لە شارۆچکەی ڕانیە تیرۆری رۆژنامەنووسان و دەنگە ئازادیخوازەكانی كوردستان ئیدانەو مەحكوم دەكەین جا لە ژێر هەر پاساوێك دابێت و هەر كەس و لایەنێكیش بێت”.

لەبەردەامی ئەو بەیاننامەیەدا هاتووە:”لەم سۆنگەیەشەوە تیرۆركردنی وەدات حسێن رۆژنامەوان و هاوپیشەمان بە درێژكراوی ئەو هەڵمەتە دەزانین كە بۆ كپكردنی دەنگە ناڕازی و ئازادەكان لە هەرێمی كوردستان بە تیرۆركردنی سۆرانی مامە حەمە و عەبدولستار تاهیر دەستی پێكرد و درێژە پێدراوە بە تیرۆركردنی سەردەشت عوسمان و كاوە گەرمیانی و دوێنێش تیرۆركردنی وەدات حسێنی پەیامنێری ئاژانسی ڕۆژنیوز”.

هەر لەو بەیاننامەیەدا ئاماژە بەوەکراوە:”لێرەشەوە دەسەڵاتی ئیدارەو ئەمنی لە سنوری پارێزگای دهۆك بە بەرپرسی یەكەم دەزانین لە دۆزینەوەو ئەنجامدەرانی ئەم كارە تیرۆریستیە و هەر كەمتەر خەمی و پاساو هێنانەوەیەكیش بۆ نەدۆزینەوەی ئەنجامدەران بە خۆدزینەوەی هێزە ئەمنیەكانی دەهۆك دەزانین لە بەرپرسیاریەتی و گومانەكانمان بۆ تیرۆری سیاسی زیاتر دەكات”.

لەکۆتاییدا لە بەیاننامەی بەشێك لە ڕۆژنامەنوسان و چالاكوانانی ڕانیەدا ئەوە دەڵین:”بەلێن دەدەین كە تیرۆر و تۆقاندن و ئەشكەنجەدانی ڕۆژنامەنووسان و دەنگە ئازادەكان نەمانترسێنێت، بەلێن دەدەین لە سەر رێچكەی هاوپیشە تیرۆر كراوەكانمان بەردەوام بین و لەو شوێنەوە دەست پێبكەینەوە كە ئەوان كۆتاییان پێ هێناوەو تێیدا تیرۆر كراون”.

هەر لە گردبوونەوەكەدا رۆژنامەنووس سەردار قادر بە رۆژنیوزی ڕاگەیاند:”ئەگەر هیچكات دەسەڵات شەرم لە خۆی نەكات، دەبێت ئەمرۆ شەرم بكات، چونكە ئەمرۆ رۆژنامەنووس مستەفا سایی پێشمەرگە ئاسا لە بەرەكانی جەنگ شەهید دەبێت، رۆژێك پێشتر رۆژنامەنوس وەدات حسێن لەناو جەرگەی شاری دەهۆكدا بە درندانەترین شێوە شەهید دەكرێت”.

وتیشی:”بۆیە ئێمە وەك رۆژنامەنووسانی دەڤەری ڕاپەرین ئەم كارە نامرۆڤانە شەرمەزار دەكەین و دەبێت ئەو دەسەڵاتەی كە لە ناوچەكە باڵادەستە بە زوترین كات بكوژانی رۆژنامەنوس وەدات ئاشكرا بكات و بدرێنە دەست یاسا، بە پێچەوانەوە دەسەڵات بۆ خۆی بەشێكە لەم كارە”.

س.ح

یەكشەممە, 14 أغس 2016

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *