حوزه‌یران 16, 2025

Select your Top Menu from wp menus

دژی تیرۆركردنی وەدات لە كەلاریش گردبوونەوەیەك ئەنجامدرا

ڕۆژنیوز – كەلار: لە بەردەوامی چالاكییەكان بۆ شەرمەزاركردنی تیرۆركردنی ڕۆژنامەنووس وەدات حسێن پەیامنێری ئاژانسەكەمان، ئاژانسی ڕۆژنیوز، ژمارەیەك لە چالاكوانان و ڕۆژنامەنووسان لە شارۆچكەی كەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، گردبوونەوەیەكی ناڕەزاییان ئەنجامدا.

كاتژمێر ٦ی ئێوارەی ئەمڕۆ بە بەشداری بەشێك لە چالاكوانانی كۆمەڵگای مەدەنی و ڕۆژنامەنووسان، لە پاركی لەیلا قاسم لە شارۆچكەی كەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، لە دژی تیرۆركردنی وەدات حسێن پەیامنێری ئاژانسەكەمان كە دوێنی لە شاری دهۆك بەشێوەیەكی دڕندانە تیرۆركرا، گردبوونەوەیەكی جەماوەری ئەنجامدرا.

لە گردبوونەوەكەدا كاروان عەزیز لەسەر ناوی چالاكوانانی كۆمەڵگای مەدەنی لە گەرمیان بەیاننامەیەکی خوێندەوە و تیایدا هاتبوو:”ئێمە وەك چالاكوانانی كۆمەڵگای مەدەنی لە گەرمیان بە توندی ئیدانەی تیرۆركردنی ڕۆژنامەنووس وەدات حسێن دەكەین، ئەم كردەوەیە بە هەوڵێكی ترسنۆكانە و قێزەونانە دەزانین بۆ كپكردنی دەنگی بوێر و ئازادی ڕادەربڕین لە هەرێمی كوردستان”.

لە بەیاننامەكەی چالاكوانانی گەرمیاندا، ئەوەش هاتبوو:”ئەم جۆرە كردەوانە ناو و ناوبانگی حكومەتی هەرێم ناشرین دەكات لە جیهانی دەرەوەدا، بۆیە داواكارین لە حكومەتی هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەكان بكەرانی ئەم كردەوە تیرۆرستیە دەستگیر بكەن و بدرێنە دادگا بۆ ئەوەی بەسزای خۆیان بگەیەن”.

هەر لە گردبوونەوەكەدا بەیاننامەی ئاژانسی هەواڵی ڕۆژنیوز لەلایەن بەرهەم لەتیف وەک نوێنەری ڕۆژنیوز لە كەلار خوێندرایەوە و تیایدا ڕایگەیاند:”شەهید وەدات گەنجێکی وڵاتپارێزو تێکۆشەرێکی ماندوونەناسی دەڤەری بادینان بوو، ماوەیەک بوو لەگەڵ ئاژانسەکەمان ڕۆژنیوز کاری دەکرد، بەرلەوەش لەبەرامبەر دۆزی گەلی کورد لە هەرچوارپارچەی کوردستان هۆشیار و خاوەن هەڵوێست بووە، بەشداری هەموو چالاکیەکانی بۆ پشتیوانی لە باکورو ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئازادی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان و گیراوانی سیاسی دەکرد و هەمیشە دژ بە گەندەڵی و نادادی لە پێشەوەی چالاکیە مەدەنیەکانی دەڤەری بادینان دەبینرا”.

لە بەیاننامەكەی ئاژانسی ڕۆژنیوزدا ئەوەش هاتبوو:”داوا دەکەین چیدی ڕۆژنامەنووسان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن، لەبەرامبەر ئەو تاوان و هێرشانە دەکرێتە سەر هاوپیشەکانیان بێدەنگ نەبن و وەک هەواڵێکی ڕۆتین لێی نەڕوانن، چونکە ئەوەی ڕوویداوە تەنها تیرۆکردنی وەدات حسێن نییە، بەڵکو تیرۆرکردنی دەنگی ئازاد و میدیای ئازادە و لە کەسایەی وەدات دا هەڕەشەیەکە لە هەموومان، هەر بۆیە ئێمە پەیمان دەدەین بە شەهیدانی قەڵەمی ئازاد کە لەسەر ڕێ و ڕیبازی ئەوان بێ سڵەمینەوە لە هیچ شتێک بەردەوام بین لە خەبات و تێکۆشانی خۆمان”.

س.ح

یەكشەممە, 14 أغس 2016

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *