ڕۆژنیوز – که‌لار: له شارۆچکه‌ی که‌لاری ناوه‌ندی ئیداره‌ی گه‌رمیان مه‌راسیمێکی ماته‌مینی بۆ شه‌هید وه‌دات حسێن پەیامنێری ئاژانسه‌که‌مان (ئاژانسی ڕۆژنیوز)، ڕێکخرا که سێ ڕۆژ پێش ئێستا له شاری دهۆک تیرۆرکرا.
کاتژمێر 9ی شه‌وی ڕابردوو له پارکی ژینا له شارۆچکه‌ی که‌لاری ناوه‌ندی ئیداره‌ی گه‌رمیان، ده‌زگاى میدیاى و ڕ‌ۆشنبیرى گه‌ڕان به ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ک له چالاکوانانى کۆمه‌ڵگاى مه‌ده‌نى و ڕۆژنامه‌نووسانى که‌لار، مه‌راسیمێکی ماته‌مینی بۆ شه‌هید وه‌دات حسێن پەیامنێری ئاژانسه‌که‌مان، ڕێکخست که رۆژی ١٣/ئاب له شاری دهۆک تیرۆرکرا.
مه‌راسیمه‌که به خوله‌کێک وه‌ستان بۆ ڕێزگرتن له خوێنى سه‌رجه‌م شه‌هیدانى ڕێگاى ئازادى کوردستان ده‌ستیپێکرد، پاشان 30 مۆم له‌لایه‌ن به‌شداربووانى مه‌راسیمه‌که‌وه داگیرسێنرا.
له مه‌راسیمه‌که‌دا رۆژنامەنوس لاوان ئه‌حمه‌د، به‌یاننامه‌ی ڕۆژنامه‌نوسانی گه‌رمیانی خوێنده‌وه و تیایدا ڕایگه‌یاند:” وه‌کو به‌شێک له ڕۆژنامه‌نوسانی گه‌رمیان به‌توندی ئیدانه‌ی تیرۆرکردنی ڕۆژنامه‌نوس و هاوپیشه‌مان (وه‌دات حسێن) په‌یامنێری ئاژانسی ڕۆژنیوز له شاری دهۆک ده‌که‌ین”.
وتیشی:” پێمان وایه تیرۆر و کوشتنى ڕۆژنامه‌نوسان ده‌رخه‌ری ئه‌و ڕاستییه‌ن که ئازادییه‌کان به گشتی و ئازادی ڕاده‌ربڕین بواری ڕۆژنامه‌گه‌ری به‌تایبه‌تی له هه‌رێمی کوردستان له‌سایه‌ی ئه‌م شێوازی حکومڕانیکردنه له ژێر هه‌ڕه‌شه دایه”.
له‌به‌شێکی تری به‌یاننامه‌که‌دا هاتبوو:” ئه‌م کرده‌وانه به هه‌وڵی کۆمه‌ڵێک گروپ و تۆڕی مافیای نێو ده‌سه‌ڵات ده‌زانین بۆ شاردنه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و نادادپه‌روه‌ری و به‌هه‌ده‌ردانی سامان و داهاتی ئه‌م وڵاته، بۆیه داوا له ڕای گشتی و ڕێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و لایه‌نه سیاسییه‌کان ڕێکخراوه‌کانی مافی مرۆڤ و نوێنه‌رایه‌تی وڵاتان له هه‌رێمی کوردستان ده‌که‌ین، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م شه‌پۆلی تیرۆرکردنه به‌ده‌نگ بێن و ڕێگه نه‌درێت که‌یسی ڕۆژنامه‌نوسى تیرۆرکراو وه‌دات حسێن وه‌ک که‌یسی سه‌رده‌شت و سۆران و کاوه دیزه به‌ده‌رخۆنه بکرێت”.
پاشان به‌رهه‌م له‌تیف په‌یامنێری ئاژانسه‌که‌مان ڕۆژنیوز له شارۆچکه‌ی که‌لار به‌ناوی ئاژانسی ڕۆژنیوزه‌وه وته‌یه‌کی پێشکه‌ش کردووه وتی:” شه‌هید کردنی وه‌دات حسێن شه‌هید کردنی تاکێک نیه به‌ته‌نها، به‌ڵکو هه‌وڵێکه بۆ کپکردنی ده‌نگه ئازاده‌کان، هه‌ڤاڵ وه‌دات-یش هه‌میشه ده‌نگێکی بڵند و ئازادیخوازانه‌ی هه‌بووه”.
وتیشی:” وەدات لە سنوری ژێر دەسەڵایتی پارتیدا تیرۆرکراوە، پارتی-ش هه‌میشه هه‌وڵی کپکردنی ده‌نگه ئازاده‌کانی داوه، بۆیە شه‌هیدکردنی وه‌دات حسێن کۆتا هه‌وڵ نییه بۆ کپکردنی ده‌نگی ئازاد، به‌ڵکو ئه‌گه‌ر ئێمه‌ی ڕۆژنامه‌نوسان بێده‌نگ بمێنین و هه‌ڵوێستمان نه‌بێت، ئه‌وا کاروانی شه‌هیدکردنی ڕۆژنامه‌نوسان هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت”.
هه‌ر له مه‌راسیمه‌که‌دا چه‌ند پارچه شعر و په‌خشانێک له‌لایه‌ن ئاماده‌بووانی مه‌راسیمه‌که‌وه خوێندرایه‌وه.
ش.ف
دووشەممە, 15 أغس 2016