ڕۆژنیوز – جیهاد و هاوکار: لەدرێژەی ناڕەزایەتی دژی تیرۆری ڕۆژنامەنوس وەدات حسێن لە شاروشارۆچکەکانی باشوری کوردستان، ڕۆژنامەنوسانی سەیدسادقیش لەگردبونەوەیەکی ناڕەزایەتیدا ئیدانەی ئەو تاوانە دەکەن و پارتی دیموکراتی کوردستانیش بە تۆمەتباری سەرەکی دەزانن.
ئێوارەی ئەمڕۆ لەسەر شەقامی سەرەکی سەیدسادق ڕۆژنامەنوسانی ئەو شارۆچکەی سەیدسادق و چەند چالاکوانێکی کۆمەڵگەی مەدەنی بەمەبەستی ئیدانەکردنی تیرۆری وەدات حسێن گردبونەوەیەکی ناڕەزایەتیان ئەنجامدا.
زانا عەلی، ڕۆژنامەنوس و سەرپەرشتیاری گردبونەوەکە لەسەر گردبونەوەکە بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند:”هەموان چاوەڕوانی بەسزاگەیاندنی تاوانبارانی تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنوسان سۆرانی مامە حەمە و سەردەشت عوسمان و کاوە گەرمیانیمان دەکرد، بەڵام بەداخەوە نەک ئەوە نەکرا بەڵکو تاوانێکی تری دژ بە ڕۆژنامەنوسان ئەنجامدرا و بەشێوەیەکی نامرۆڤانە لەشاری دهۆک وەدات حسێن تیرۆر کرا”.
وتیشی:” تاوانی تیرۆکردنەکە لەئەستۆی دەسەڵاتدارانی ئەو ناوچەیە کە ئەویش پارتی دیموکراتی کوردستانە”.
زانا عەلی، وتیشی:”ئێمە بۆ پشتیوانی لە گردبونەوە و ناڕەزایەتی دەربڕینەکانی دیکەی شار و شارۆچکەکانی باشوری کوردستان گردبوینەتەوە و داوای بەدەستهێنانی مافی ئازادی دەکەین، کە بەداخەوە لەم هەرێمەدا لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەر دوو زۆرنی سەوز و زەرد چەند دەنگێکی ئازاد تیرۆر کراون و تائێستاش بکەرانی ئەو تاوانانە نەدۆزراونەتەوە و سزای خۆیان وەرنەگرتووە”.
هەروەها، هادی کوڵکنی، چاودێری سیاسی و ئامادەبووی گردبونەوە بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند:”لەم گردبونەوەیەدا بەتوندی ئیدانەی تیرۆری وەدات حسێن دەکەین کە لەژێر سایە و حوکمی دەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمەدا و بەشێوەی دڕندانە تیرۆکرا”.
هادی کوڵکنی، وتیشی:” داوادەکەین بەزووترین کات بەشوێن ئەو کەس و مافیای حزبانە بگەڕێن کە دەستیان بەخوێنی پاکی ئەو شەهیدی قەڵەمە سوروبوە لەگەڵ ئەو شەهیدانەی تری قەڵەم و ئازادی کە شارەکانی دیکەی ئەم هەرێمە تیرۆر کران”.
هادی کوڵکنی، وتیشی:”بەداخەوە لەئێستادا حکومەتێک نەماوە بەناوی حکومەتی هەرێم تاوەکو پەیامی ئاڕاستە بکەین و داوای وەرکرتنی هەڵوێستی جدیان لێ بکەین، چونکە حزب دەستی گرتووە بەسەر دەسەڵاتدا و ئەوەی لەبەرژەوەندی نەبێت قەبوڵی ناکات، هەر بۆیە ئەو تیرۆرانەی کە لەباشوری کوردستان ئەنجام دەدرێن بەرامبەر بە ڕۆژنامەنوسان و چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی، هەمووی دەستی حزبی لەپشتە چ لە زۆنی زەرد یان سەوز و نیلی”.
لە رۆژی ١٣/ئاب وەدات حسێن عەلی، پەیامنێری ئاژانسەکەمان لە شاری دهۆک، پاش ڕفاندنی لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە لەژیر ئەشکەنجە بەشێوەیەکی زۆر دڕندانە تیرۆرکرا و دواتر تەرمەکەی لەسەر رێگای سێمێل دهۆک دۆزرایەوە.
ش.ف
دووشەممە, 15 أغس 2016