ڕۆژنیوز – سۆران حسێن: تا ئێستا لەسەر تیرۆری پەیامنێری ئاژانسەکەمان، ئاژانسی هەواڵی ڕۆژنیوز وەدات حسێن، هیچ کەسێک دەستگیر نەکراوە، لەم ڕووەوە ڕۆژنیوز لەسەر زاری برا گەورەی شەهید وەداتەوە هەڵوێستی بنەماڵەکەیان ئاشکرادەکات.
تارق حسێن وەک براگەورەی شەهید بەناوی بنەماڵەکەیانەوە لەسەر هەڵوێستی خۆیان بۆ ڕۆژنیوز قسە دەکات و تۆمەتباری سەرەکی تیرۆرکردنی شەهید وەدات دەخاتە ئەستۆی پارتی دیموکراتی کوردستان/عێراق.
لە لیدوانێکی تایبەتدا بۆ ڕۆژنیوز، تارق حسێن وتی:”براکەم پێشتر لە لایەن ئاسایشی دهۆکەوە چەندین جار بانگهێشتکراوەو سوکایەتی پێکراوەو هەڕەشەی لێکراوە، هەروەها لەو بانگێشتانەدا ئەگەرچی وەدات لە نزیکەوە بەمنی نەوتووە، بەڵام بە خێزانمی وتووە ئاسایشی دهۆک دوو جار ئەشکەنجەیان داوەو برینداریان کردووە، برینەکانیشی پیشانی خیزانەکەم داوە”.
لەسەر هەڕەشەکانی سەر وەدات براگەورەکەی زانیاری زیاتری بۆ ڕۆژنیوز ئاشکراکردو وتی:”دواین جار وەدات بەخۆمی وت کە ئاسایش جارێکیتر بانگیان کردووەو پێیان وتووە کە دۆسیەکەیان ڕەوانەی ئاسایشی گشتی دهۆک کردووەو ئەوان چی بڕیارێکی لەسەر بدەن هەر ئەوە دەبێت، هەربۆیە کە ئاگادار کرامەوە کە وەدات تیرۆرکراوە ڕاستەوخۆ دڵنیابووم ١٠٠٪ کە چەتەکانی پارتی و ئاسایش تیرۆریان کردووە”.
برا گەورەکەی شەهید وەدات کە بە ناوی بنەماڵەکیانەوە بۆ ڕۆژنیوز دەدوا، دەربارەی هەوڵەکانیان بۆ بەسزا گەیاندنی تاوانباران ئاماژەی بەوەکرد:”هەتا لە ژیاندا مابم لە چالاکی و هەوڵەکانم بۆ بە سزا گەیاندنی تاوانباران لە چالاکی و خەباتدا دەبم، لە هەرێم و لە دەرەوەی وڵاتیش سکاڵای یاسایی تۆمار دەکەین، ئێمە ١١ برای وەدات هەموومان لە پێناو دەرخستنی ڕاستیکاندا ئامادەین ژیانی خۆمان بکەینە قوربانی ئەم کەیسە”.
دەربارەی بۆ چی پارتی بە بکوژی براکەیان دازان تارق وەها قسەیکرد:”لە قەرەباڵخترین شوێندا لە دهۆک کە تەواوی بازاڕ و مارکێتە، دوو ئۆتۆمبێل پێش و پاش لە ئۆتۆمبێلەکەی وەدات دەگرن و بە خەڵکی چوار دەوور دەڵێن گوایە لە منداڵێکی داوەو دەستگیری دەکەن، دواتر بە دڕندانەترین شێوە تیرۆری دەکەن، ئەمەش هەموو کەسێک دەزانێت بەهیچ لایەن و هاوڵاتیەک ناکرێت”.
ئەو برایەی شەهید لەسەر ئەو هەواڵانەی بڵاو دەکرێتەوە کە گوایە پێش دە ڕۆژ شەهید وەدات دەستی لەکارەکەی لە ڕۆژنیوز بەرداوە، وەها وەڵامی ئەو کەناڵانەی دایەوە:”ئەو هەواڵانە کەناڵە خۆفرۆشەکانی ڕوداو و کوردستان٢٤ و وار تی ڤی بڵاوی دەکەنەوە، من دەپرسم ئەوان کەی ڕاستیان بڵاوکردووەتەوە تا ئێستا بڵاوی بکەنەوە، بۆیە تەواوی ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکەینەوە کە بۆ بەلاڕیدا بردنی کەیسی شەهید بڵاوی دەکەنەوە”.
لە کۆتایی لێدوانەکەی برا گەورەی شەهد وەدات، تارق حسێن داوای لەسەرجەم هاولاتیانی هەرێمی کوردستان و ڕۆژنامەوانان کرد کە خاوەنداری لە شەهید وەدات بکەن بۆ ئەوەی کەسێکیتر لەسەر ئازادی تیرۆرنەکرێت، بەتایبەت داواشی لە هاوڵاتیانی دەڤەری بادینان کرد کە ئەگەر خاوەن ویژدان پێویستە بێنە دەنگ و بڵێن تا ئێرە ئیتر بەسە و باکۆتایی بهێندرێت بە تیرۆرکردنی دەنگە ناڕازییەکان”.
س.ح
چوارشەممە, 17 أغس 2016 – 14:56