ئایار 18, 2024

Select your Top Menu from wp menus

شێرزاد حەسەن: ئاشە ژەنگاوییەکەیان بە خوێن دەگەڕێ

شێرزاد حەسەن، رایدەگەیەنێت: ئەو دەستەڵاتدار و سیاسەتبازانەی کە دەستتەڕن لە کوشتنی نەیارەکانیان و توانیان لە ماوەی ٢٥ ساڵی رابردوودا خەڵک و خاکی کوردستان پێکەوە ئەتک بکەن، کەی شەرمیان بەوەیە ئەو گەنجانە بکوژن کە ٢٥ ساڵە بە دەست حوکمەتە ساواکەمانەوە دەتلێنەوە، دەشڵێت: ئەم گەمە خوێناوی و زنجیرە لە تیرۆری ورد چندراوی وەستاکانی مەرگ درێژە دەکێشێت، چونکە ئاشی ئەو ماشێنە ژەنگاوییەی ئەوان تەنها بە خوێن دەگەڕێت.

کاردانەوە و ناڕەزایی رێکخراو کەسایەتییە ئازادیخوازەکان لە دژی تیرۆر کردنی رۆژنامەنووس وەدات حسێن درێژەی هەیە، چیرۆکنووسی کورد (شێرزاد حەسەن) لە دەقێکی کورتدا هەڵوێستی خۆی خستوەتەڕوو…

نووسینەکەی شێرزاد حەسەن، لەژێر ناونیشانی”ئاشێک کە بە خوێن دەگەڕێت”، هاتووە:”کوشتنی (وەدات حسێن) هیچ سەیر و سەمەر نییە، چونکە وەک چۆن مەرگەساتی لەناوبردنی (سەردەشت عوسمان) و (سۆران- ی مامەحەمە) و (کاوە گەرمیانی) و (دکتۆر عەبدولستار) و دەیەهای دیکە لەوانەی کە یاخی ناو دونیای فیکر و سیاسەت بوون، بۆ شاردنەوەی خوێنی بە ناهەق ڕژاویان دیزە بە دەرخۆنە کرا و ناشیرینترین سیناریۆی ساختەیان بۆ ساز و ئامادە کرد، ئەو دەستەڵاتدار و سیاسەتبازانەی کە دەستتەڕن لە کوشتنی نەیارەکانیان، ئەوانەی کە توانیان لە ماوەی بیست و پێنچ ساڵی رابردوودا خەڵک و خاکی کوردستان پێکەوە ئەتک بکەن، کەی شەرمیان بەوەیە ئەو گەنجانە بکوژن کە بیست و پێنچ ساڵە بە دەست حوکمەتە ساواکەمانەوە دەتلێنەوە؟ باشە گەر ساوا نەبووایە چی دەکرد؟ ئەوەی لە کوردستان دەگوزەرێت لە دزی و تاڵانی و گەندەڵی و رۆحی مافیایی دەرچووە، جەردەیەک لە سیاستبازی وڵاتفرۆش و بازرگان هەرگیز سڵ ناکەنەوە لەوە بە چەکمەی خوێناوییەوە بە ناو لاشەی قوربانییەکانی خۆیاندا پیاسە بکەن”.

لە پەرەگرافێکی دیکەی ئەو نووسینەی شێرزاد دا هاتووە:”گەرچی ساڵانە رێکخراوە جیاکانی مافی مرۆڤ راپۆرتی ڕەش سەبارەت بە حوکمەتی هەرێم بڵاو دەکەنەوە، کەچی حیزبەکان و گۆلچییەکانی حاشای لێدەکەن، مەسەلەکە لە کەمپەین و ڕێپێوان و نووسین و واژۆ و پرۆتێستۆ تۆماری ڕەش دژ بەو دەست ڕەشانە؛ چۆتە دەرەوە، مەرجە ئەوانەی خەمخۆرن بیر لە میکانیزمێکی دیکە بکەنەوە کە دوا تنۆکی ئابڕووی بێ ڕووی ئەم دەستەڵاتە ڕسوا بکات. گرفتی گەورە ئەوەیە حیزب لەم وڵاتی دێونشینە بووەتە (ئەختەبووت) کە سەدەها پەل و شانە و خانە و بگرە کەڵبە و چڕنووق و قوولاپی هەیە کە مەحاڵە بزانین بە کامەیان ئەو مەردمگەلە بوون بە قوربانی، ئەوان ڕاوچی نیشانەشکێنن کە لە دووری دەیەها میلەوە نێچیرەکانی خۆیان دەپێکن”.

لە بەشی کۆتایی نووسینەکەیدا هاتووە:”هەرگیز ماقووڵ نییە لە سەردەمێکدا کە هەموو دونیا کامیرای چاودێرییە، دۆزینەوەی بکوژی ئەو هەموو قوربانییانە شوێن بزر بن؛ من زۆر دڵنیام کە ئەم گەمە خوێناوی و زنجیرە لە تیرۆری ورد چندراوی وەستاکانی مەرگ درێژە دەکێشێت، چونکە ئاشی ئەو ماشێنە ژەنگاوییەی ئەوان تەنها بە خوێن دەگەڕێت، بگرە ئەوەی ئەوان ناویان ناوە شەرعییەتی شۆڕشگێڕی هەر بە خوێنی تۆڵاز و کوڕگەلە بەجەرگەکان دەگەڕا و باراشەکەشی هەر بۆ سیاسییە سەرسەرییەکان بوو.. ئەم ئاش و باراشە تا دەورانێکی درێژتر لە تەمەنی ئێمە بڕ دەکات.. ئەوە گەر ئێمە بە راستی خاوەنی تەمەن و زەمەنی خۆمان بین.. کە دیارە نین لە پای سوپایەک لە دێو و درنجی ناو جەنگەڵەکانی سەدەی بیست و یەک”.

د.خ

پێنجشەممە, 18 أغس 2016 – 13:48

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *