رۆژنیوز ـ هۆشمه‌ند کوردی: رۆژنامەنوسانی شاری دهۆک ڕایده‌گه‌یه‌نن تیرۆرکردنى شه‌هید وه‌دات بەو شێوەیە بۆ خۆی په‌یامێکه بۆ ئه‌و رۆژنامەنوسانەی کە خاوه‌ن قه‌ڵه‌مى ئازادن له ده‌ڤه‌ری بادینان و هه‌ر که‌س خاوه‌ن دونیا بینێکى جیاواز بێت، ڕه‌نگه هه‌مان چاره‌نوسی شه‌هید وه‌داتى هه‌بێت.
13ی ئاب رۆژنامەنوسی ئاژانسەکەمان ئاژانسی دەنگوباسی رۆژنیوز وەدات حسێن لە گەڕەکی ماڵتای شاری دهۆک لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراو ڕفێندرا و پاشان لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەستدا و دواتر لە ڕێگای سمێڵ – دهۆک تەرمەکەی فڕێدرا.
مه‌سعود چه‌لکى، نوسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووسى شاری دهۆک له باره‌ى شه‌هیدکردنى وه‌دات حسێن به ڕۆژنیوزى وت: ڕه‌نگه زۆر قورس بێت له وڵاتێک‌دا تاکڕه‌ویى هه‌بێت، باسى ئازادى بیروڕا و ئازادى ڕۆژنامه‌وانى بکه‌ین، ئێمه له وڵاتێکێن هه‌موو شتێک دابه‌شى دوو به‌ش بووه، به‌شێک له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات که هیچ گرفت و ئاسته‌نگێک نایه‌ته به‌رده‌م کارکردنى و به‌شه‌که‌ى تریشی ده‌سه‌ڵات به مه‌ترسی لەسەر خۆی ده‌بینێت، هه‌ر بۆیه هه‌رکه‌س له به‌شی دووه‌م بێت و خاوه‌ن دونیایه‌کی جیاواز بێت، ڕه‌نگه توشی تیرۆرکردن ببێت.
مەسعود چەلکی، وتیشی:” وه‌دات خاوه‌ن دونیا بینییه‌کی جیاواز بوو، خاوه‌ن هزر و بۆچوونێکی جیاواز بوو، به تیرۆرکردنی وه‌دات مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه بۆسه‌ر قه‌ڵه‌مه ئازاده‌کانی دهۆک دروست بوو “.
ناوبراو، ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا: ئه‌و شێوه تیرۆرکردنه‌ى وه‌دات بۆ خۆی په‌یامێکه بۆ ئه‌وانه‌ى خاوه‌ن قه‌ڵه‌مى ئازادن له ده‌ڤه‌ری بادینان و هه‌ر که‌س خاوه‌ن دونیا بینێکى جیاواز بێت ڕه‌نگه هه‌مان چاره‌نوسی شه‌هید وه‌داتى هه‌بێت، ئه‌و شێوه کوشتنه‌ى وه‌دات بۆخۆى په‌یامێکه بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی که ده‌یانه‌وێت له ده‌ره‌وه‌ی په‌یامی ده‌سه‌ڵات خاوه‌ن بۆچوون و دونیا بینی جیاوازبن.
سه‌باره‌ت به هه‌مان پرس، عه‌بدولڕه‌حمان بامه‌ڕنى نوسه‌ر و چالاکوانى مه‌ده‌نى بۆ ڕۆژنیوز دوا و وتى: شه‌هیدکردنی ڕۆژنامه‌نووس وه‌دات حسێن ڕوداوێکی ویژدان هه‌ژێنه له دهۆک، هیوادارم ئه‌و که‌سانه‌ی که ده‌ستیان له شه‌هیدکردنی وه‌دات دا هه‌یه به‌زوترین کات ده‌ستگیر بکرێن و به توندترین شێوه سزا بدرێن.
ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا: ئه‌و که‌سانه‌ی بتوانن به ڕۆژی نیوه‌ڕۆ که‌سێک له‌ماڵ ده‌ربکه‌ن و له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی چه‌کدا به دڕندانه‌ترین شێوه ئه‌شکه‌نجه‌ی بده‌ن و دواتر شه‌هیدی بکه‌ن، ئه‌گه‌ر به‌زوترین کات ده‌ستگیرنه‌کرێت مه‌ترسی ئه‌وه له‌سه‌ر ئاسایشی شار به هه‌موو لایه‌ک دروست ده‌بێت و نا ئارامی له‌نێوانی هه‌موو که‌سێکدا په‌یداده‌بێت و پرسیار دروست ده‌کات.
ناوبراو، باسی لەوەشکرد: دروست بوونی پرسیاریش گومان لای هه‌موو که‌سێک په‌یدا ده‌کات، له‌به‌ر ئه‌وه هیوادارم هه‌رچی زووه ده‌زگا ئه‌منییه‌کان ئه‌و که‌سانه ده‌ستگیر بکه‌ن و هه‌ر هۆکارێک که ئه‌م ڕۆژنامه‌نووسه‌ی له‌سه‌ر تیرۆر کراوه ئاشکرابکرێت و تاوانباران ببرێنه به‌رده‌م دادگا و به سزای خۆیان بگه‌یه‌نرێت.
ک.ک
سێشەممە, 23 أغس 2016 – 18:37