نیسان 27, 2026

Select your Top Menu from wp menus

هیومان رایتس وۆچ، وەڵامی جدی لە حکومەت دەوێت لە بارەی تیرۆرکردنی وەدات

رۆژنیوز- ناوەندی هەواڵەکان: رێکخراوێکی بەناوبانگی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ،(هیومان رایتس وۆچ) راپۆرتێکی تێروتەسەلی لەبارەی تیرۆرکردنی رۆژنامەنووس و پەیامنێری ئاژانسی رۆژنیوز، وەدات حسێن، بلاوکردەوە.

ئەمڕۆ، رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ، راپۆرتێکی تێروتەسەلی لەبارەی تیرۆرکردنی رۆژنامەنووس و پەیامنێری ئاژانسی رۆژنیوز، وەدات حسێن، بلاوکردەوە و بە پشتبەستن بە شاهێد و ئەو سەرچاوانەی وردەکاری رووداوەکەیان ئاشکرا کردوە و هێزە ئەمنییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانیشی تێوەگلاوە.

وێنەیەکی راپۆرتەکە بۆ رۆژنیوز نێردراوە کە تێیدا باس لەوە کراوە “رۆژنامەنووسێک لە کورستانی عێراق، کە پێشتر هەڕەشەی لێکراوە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، لە ١٣ی ئابی ٢٠١٦ رفێندراو هەمان رۆژ بە مردویی دۆزرایەوە، پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان گرەنتی ئەوە بدات کە لێکۆڵینەوەیەکی خێرا و ورد و پاک بکات لە هۆکاری کوشتنی وەدات حسێنی تەمەن (٢٨ ساڵ) کە دەگوترێ لایەنگری (پارتی کرێکارانی کوردستان) بووە.

راپۆرتەکە لە درێژەدا نووسیویەتی،”وەدات حسێن عەلی، تەمەن (٢٨ ساڵ)، رۆژنامەنووسی کورد، لە ١٣ی ئابی ٢٠١٦ لە دهۆک رفێندرا، هەمان رۆژ بە مردویی دۆزرایەوە، شاهێدەکان ئەوەیان وتوە کە رفاندنەکە لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە ئەنجامدراوە، دەوترێت کە هێزەکانی ئاسایشی دهۆک بوون، ئەمەش دوای ئەوە هاتوە کە لەماوەی ساڵێکدا چەندین جار لە لایەن ئاسایشەوە بانگ کراوە و لێپرسینەوەی لەگەڵ کراوە لەسەر ئەو بابەتانەی کە وەکو رەخنە لەسەر دەسەڵات نوسیویەتی”.

بەپێی راپۆرتەکە، سارا لیا ویتسن، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بەشی رۆژهەلاتی ناوەڕاستی مافی مرۆڤ، وتویەتی “پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی جدی هەبێت لەبارەی چۆنیەتی رفاندن و کوشتنی ئەو رۆژنامەنووسە بە رۆژی رووناک، دوای لێپرسینەوەی لەلایەن هێزەکانی ئاسایش، ئەو یەکێکە لەنێوان دەیان رۆژنامەنووس کە رووبەڕووی کوشتن و لێدان دەستگیرکردن تەنگپێهەڵچنین بوونەتەوە”.

راپۆرتەکە لە سەر زاری (سەنتەری میترۆ بۆ بەرگری لە مافی رۆژنامەنووسان) ئەوەشی نووسیوە کە لە ساڵی 2015 دا، ١٤٥ حاڵەتی سووکایەتی بە رۆژنامەنووسان تۆمارکراوە، کە دەستگیرکردن و مامەڵەی خراپ و کوشتنی نایاسایشی تێدایە، لە ساڵی 2011، لە دەرەنجامی ناڕەزایی جەماوەریی بەرفراوان لە ناوچەکەدا، رۆژنامەنووسان روبەرووی سووکایەتپێکردن و هەڕەشە بوونەوە لە لایەن هێزەکانی ئاسایشەوە، لە مارتی 2011، هیومان رایتس وۆچ چاوپێکەوتنی لەگەڵ ٢٠ رۆژنامەنووسدا کرد کە وتیان هێزەکانی ئاسایش و هاوکارەکانیان هەرەشەیان لێ کردوون و رۆژنامەنووسانیان دەستبەسەر کردوە و تەنگیان پێ هەڵچنیون، کەلوپەلەکانیان لێ سەندوون و دەستیان بەسەردا گرتوون”.

هیومان رایتس وۆچ پشتی بەستوە بە گەواهی و لێدوانەکانی چەند کەسێک، لەوانەش تارق حسێن، (تەمەن ٤٠ ساڵ)، برا گەورەی وەدات، بە هیومان رایتس وۆچی وتووە کە براکەی رۆژنامەنووسێکی متمانەپێکراوی ئاژانسی (رۆژنیوز) بووە، هەروەها فەرمانبەر بووە لە بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری دهۆک.

دوو هاوڕێی وەدات حسێن، بە هیومان رایتس وۆچیان وتووە، وەدات پێش دوو ساڵ ماوەیەک لە ئۆردوگاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان بووە، بەڵام نەک وەکو شەڕڤان، لەماوەی چەند مانگی رابردوودا ٣ جار ئەفسەری ئاسایش بانگیان کردووە و پرسیاری ئەوەیان لێ کردووە کە رۆڵی چییە لەناوی پارتی کرێکارانی کوردستان و کارەکەی کە رۆژنامەنووسییە.

هەر لە راپۆرتەکەدا هاتووە،”یەکێک لە هاوڕێکانی وەدات ئەوەی وتوە کە بەچاوی خۆی نامەیەکی هەڕەشەئامێزی لە مۆبایلەکەی وەداتدا بینیوە، وەدات ئەو کاتە پێی وتوە کە ئەمە نامەی کەسێکە ئەندامی هێزەکانی پاراستنی پارتییە، کە یەکێکە لە حزبە دەسەلاتدارەکان لەناوچەکە”.

بە گوێرەی راپۆرتەکە، “تارق حسێنی برای وەدات، بە هیومەن رایتس وۆچی وتووە کە براکەی لە مانگی تەمموزدا لەلایەن ئاسایشەوە گیراوە و پێیان گوتوە یان واز لە کاری رۆژنامەوانی بێنە و یان زانیاریمان پێ بدە لەوەی کە روودەدا لەو ئاژانسەی کە کاری بۆ دەکەی، ئەگەرنا خۆمان دەزانن “چۆن بێدەنگت دەکەین”، تارق وتوشیەتی، ئەو کاتەش براکەی لێیدراوە و شوێنەواری لێدان بەسەر پەراسوو و سەرشانیەوە دیار بووە، هەتا ١٠ رۆژیش نەیتوانیوە بەپێ بڕوا”.

براکەی بە نوێنەرەکەی هیومان رایتس وۆچی وتووە،”وەدات گوێی بە هەڕەشەکانیان نەداوە و لە کارەکەی خۆی بەردەوام بووە، چەندین تێڕوانین و نووسینی لەسەر فەیسبوک بڵاوکردوەتەوە سەبارەت بە گەندەڵییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، چەند روانینێکیشی لەسەر فەیسبوک بڵاوکردوەتەوە کە تێیدا رەخنەی لە هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق گرتووە کە ناوچەکانی ئێزدینشینیان بەبێ شەڕ چۆڵ کردووە و رادەستی داعشیان کردووە، کە کوژرانی هەزاران و ڕفاندنی هەزارانی تری لێ کەوتەوە، برادەرێکی تری ئەو رۆژنامەنووسە وتویەتی، وەدات پێی وتوم تووشی مەترسی دەبێت ئەگەر لە دهۆک بمێنێتەوە”.

راپۆرتەکە دەڵێت:”لە ١٣ی ئاب، کاتژمێر 8:45 سەرلەبەیانی، وەدات (سەردار)ی برای (تەمەن ٣٥ ساڵ) گەیاندوەتە سەر کارەکەی لە بینایەک لە ناو بازاڕی ماڵتا لە دهۆک، سەردار وتی دوای ١٥ خولەک، کۆمەڵە خەڵکێک زۆری بینیوە و چەند ئۆتۆمبیلێکی پۆلیس گەیشتنە بازاڕەکە، ئۆتۆمبیلی براکەشی بە بەتاڵی بینیوە لە ناوەڕاستی شەقامەکە، پۆلیس بە سەرداریان وتووە، کەسانی نەناسراو براکەیان گرتووە، پیاوێکی تر وتویەتی کە دوو ئۆتۆمبیلی بێ نیشانەی بینیوە کە رێگەیان لە براکەی گرتووە، سێ کەس بەزۆر براکەیان لە ئۆتۆمبیلەکەی دابەزاندوە، لەژێر هەڕەشەی چەک ناچاریان کردووە و بردوویانە و بە پەلە چوونەتە سەر ئۆتۆبان، شاهێدەکە وتویەتی ئەو پیاوانە وتویانە ئێمە ئاسایشین، هۆکاری گرتنی ئەم کوڕەش (پیاکێشانی منداڵێکە)، شاهێدەکە ئەوەشی وتوە کە هەردوو ئۆتۆمبیلەکە بێ ژمار و نیشانەی هاتوچۆ بوون”.

لە بەشێکی تری راپۆرتەکەدا ئەوەش هاتووە “سەردار وتی هێزەکانی پۆلیس شاهێدەکەیان بۆ بنکەی پۆلیس بانگ کردووە، کەوتنە پرسیار و وەڵام لەگەڵ براکەی تریشیان کە ناوی دەربانە و هاتبووە لایان لە بنکەی پۆلیس، پۆلیس بەڵێنیان دا کە چەند دیمەنێکی کامیرا چاودێرییەکانی دوکانەکەی شاهێدەکە ببینن کە لە شوێنی رفاندنەکە داندرابوو”.

راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە داوە،”ئەو شاهێدەی کە رووداوەکەی بینیوە، لەسەر فەیسبوکی خۆیدا نوسیویەتی، هویمەن رایتس وۆچ وێنەی پۆستەکەی شاهێدەکەی بڵاو کردوەتەوە کە نوسیویەتی (دور نابینم كه‌ دوای بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و پوسته‌م به‌یانی ته‌رمه‌كه‌م له‌سه‌ر جاده‌ی ئه‌و شاره‌ بدوزرێته‌وه‌) دوای ٤ رۆژ، شاهێدەکە پۆستەکەی سڕیوەتەوە، بنەماڵەی وەدات دەڵێن لەو کاتەوە تا ئێستا زۆرهەوڵمان داوە پەیوەندی بەو کەسەوە بکەین، بەڵام نەمانتوانیوە”.

راپۆرتەکە لە بەشێکی تریدا نووسیویەتی:”دەربان حسێن، برایەکی تری وەدات دەڵێ دەوروبەری کاتژمێر 10:45، کاتێ کە براکان گەڕاونەتەوە ماڵەوە، پۆلیسێکی ناسیاو پەیوەندی پێوە کردووەو وتویەتی یەکێک لە خێزانی ئێوە لە نەخۆشخانەی ئازادی دهۆکە، کە چونەتە نەخۆشخانە، لاشەی وەداتیان لە شوێنی توێکاریدا بینیوە، ئەوەشیان وتوە کە داوایان لە دادوەری لێکۆڵینەوەی نەخۆشخانە کردوە کە لە چۆنیەتی هێنانی تەرمی براکەیان بکۆڵێتەوە، پۆلیسی سمێل پێی گوتون کە لە سەر رێگا دۆزراوەتەوە”.

سارا لیا ویتسن، بەڕێوەبەری جێبەجێکاریی بەشی رۆژهەڵاتی ناوەراستی مافی مرۆڤدەڵێت:”پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی جدی هەبێت لەبارەی چۆنیەتی رفاندن و کوشتنی ئەو رۆژنامەنووسە بە رۆژی رووناک، دوای لێپرسینەوەی لەلایەن هێزەکانی ئاسایش، ئەو یەکێکە لەنێوان دەیان رۆژنامەنووس کە رووبەڕووی کوشتن و لێدان دەستگیرکردن تەنگپێهەڵچنین بوونەتەوە”.

لە درێژەی راپۆرتەکەدا نوسراوە:”ئەفسەرێک بە هیمان رایتس وۆچی وتوە کە لە 18ی ئابەوە ئێمە خەریکی لێکۆڵێنەوەین، بەڵام هیچ زانیارییەکم لەسەر پێشکەوتنی لێکۆڵینەوەکە نییە”.

لە راپۆرتەکەی هیومان رایتس وۆچدا هاتووە،”لە رابردووشدا هەردوو رۆژنامەنووس کاوە گەرمیانی لە کەلار و سۆران مامەحەمە لە کەرکوک بەهۆی بڵاوکردنەوەی بابەت تیرۆر کراون، دادگای کەلار سزای لە سێدارەدانی بۆ عەلی توانا خەلیفە دەرکرد وەکو بکوژی کاوە گەرمیانی، بەڵام دادگای تێهەڵچوونەوە سزاکەی کەمکردەوە بۆ بەندکردنی تاهەتایی، بەڵام سەبارەت بە بکوژی سۆران مامە حەمە تا ئێستاش هیچ کەسێک بەو تۆمەتەو دەستگیر نەکراوە”.

راپۆرتەکە ئەوەشی وتووە:”پێشتریش هەردوو رۆژنامەنووس شێروان شێروانی و سەباح ئەتروشی، دادگایی کراون بەهۆی نووسینەکانیان، عیسا بارزانیش بۆ ماوەی شەش مانگ لە لایەن پاراستنەوە دەستبەرسەر کراوە، ئستاش گەشتی دەرەوەی هەرێمی لێ قەدەغە کراوە”.

راپۆرتەکە لە کۆتاییشدا ئەوەی ئاشکرا کردوە کە”حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستە لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ و خێرا بکات، لەژێر تیشکی گومانی بەشداریکردنی هێزەکانی ئاسایش، پێویستە پۆلیس لە رێگەی گرتە ڤیدیۆیەکەوە بکەرانی ئاشکرا بکات نەک راپۆرتی پۆلیس و دۆزەرەوەکانی”.

ویتسون ئەوەشی وتووە:”دەسەڵاتدارانی هەرێم ناتوانن رێگری بکەن لە سوکایەتیکردن بە رۆژنامەنووسان و بێبەشکردنیان لە دادوەریی، ئەوەش کارگەریی نەرێنی دەبێ لەسەر ئەوەی کە دەینووسن، پێوستە دەسەلات جدییبوونی خۆی دەربخا بە دۆزینەوەی بکوژانی وەدات”.

د.خ

پێنجشەممە, 25 أغس 2016 – 14:31

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *