رۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان: ناوەندی (PEN)ی نێونەتەوەیی کە بنکە سەرەکیەکەی لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیایە، لەسەر تیرۆرکردنی وەدات حسێن هاتە دەنگ.
ناوەندی(PEN)ی نێونەتەوەیی، ناوەندێکی تایبەتی نووسەرانە، زیاتر لە 140 ناوەندی (PEN)ی نەتەوەکانی جیهان لەخۆ دەگرێ، لە بەیاننامەیەکدا، کە لەسەر ماڵپەڕی فەرمی PEN بڵاوکراوەتەوە و وینیەکیشی بۆ رۆژنیوز نێردراوە تیرۆکردنی رۆژنامەنووس وەدات حسێن-ی پەیامنێری ئاژانسی رۆژنیوزی شەرمەزار کرد.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە:”داوا لەدەسەڵاتدارانی ناوچەکە دەکەین گیانی هاوڵاتیان بپارێزن، بەتایبەت ژیانی نووسەران و رۆژنامەنووسانی کوردستان، چونکە له ههر كۆمهڵگایەكدا بێت دیاردەی تۆقاندن و تیرۆرکردن، شەرعیەت لەو دەسەڵاتە دەسەنێتەوە، هەر بۆیە داوا لەدەزگاکانی ئاساییشی دهۆک دەکەین بەدواداچوونی جدی لەسەر کەیسی تیرۆرکردنی رۆژنامەنووسی ناوبراو بکات و تاوانباران رووبەرووی دادگا بکاتەوە”.
ئەمە تاکە ناوەندی نێونەتەوەیی نییە کە لەسەر تیرۆرکردنی ئەو رۆژنامەنووسە دێتەدەنگ، دوێنێش لەسەر ماڵپەڕی فەرمی خۆی، رێکخراوێکی ناوداری چاودێریی مافەکانی مرۆڤ (هیومان رایتس وۆچ)، ئەو تیرۆرەی شەرمەزار کرد.
رۆژنامەنووس وەدات حسێن، پەیامنێری ئاژانسی رۆژنیوز لە ١٣ی ئاب-ی ئەمساڵ، دوای رفاندن و ئەشکەنجەدانێکی زۆر تیرۆرکرا و دواتر تەرمەکەی لە نەخۆشخانەیەکی شاری دهۆک بینرایەوە.
د.خ
هەینی, 26 أغس 2016 – 09:17