ڕۆژنیوز – سۆران حسێن: دوای زیاتر لە ١٥ ڕۆژ لە تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووس و پەیامنێری ئاژانسی ڕۆژنیوز وەدات حسێن، تا ئێستا پۆلیس هیچ سەرەداوێکی ڕوداوەکەی ئاشکرا نەکردووە، برایەکیشی ڕایدەگەیەنیت کە هیچ متمانەیەکیان بە دادگاکانی هەرێمی کوردستان نییە.
١٣ی ئاب رۆژنامەنووس وەدات حسێن لە گەڕەكی ماڵتای شاری دهۆك لەلایەن چەند كەسێكی نەناسراوەوە ڕفێندراو دوای دوو كاتژمێر تەرمەكەی لە سەر ڕێگای دهۆك – سێمێل، دۆزرایەوە كە بە ئەشكەنجە تیرۆركرابوو، بەوتەی بنەماڵەکەشی تا ئێستا پۆلیس هیچ کەسێکی بەوتۆمەتە دەستگیر نەکردووە، هەربۆیە پاراستنی پارتی بەو تیرۆرە تۆمەتبار دەکەن.
عەبدولسەمەد دهۆکی، برای وەدات حسێن بۆ ڕۆژنیوز دواو وتی:”لە ١٣ی ئەممانگەوە وەدات تیرۆرکراوە، هەرچەندە شوێنەکە کامێرای چاودێری لێ بووەو قەرەباڵخیش بووە، بەڵام تا ئێستا پۆلیسی دهۆک هیچ ڕوونکردنەوەیەکی پێنەداون و بێدەنگییان لە بەرامبەر تیرۆری وەدات هەڵبژاردووە”.
دەربارەی ئەوەی تا چەند چاوەڕوانی ئەنجامەکانی پۆلیسن، وەها قسەیکرد:”ئێمە هیچ متمانەیەکمان بە دادگا و پۆلیسی ئەم هەرێمە نییە، چونکە ئاشکرایە لامان کێ تیرۆری کردووەو دەستی ئاسایش و پاراستنی لە پشتەوەیە، ئەگەر وا نەبوایە ئاشکراکردنی تۆمەتبارانی تیرۆری وەدات لە دهۆکدا بۆ ئاسایش زۆر ئاسانە”.
ئەوبرایەی وەدات داوایکرد ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بە جدی لەسەر کەیسی وەدات کاربکەن و وتی:”داواکارین لیژنە لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بێن و سەردانی شوێنی ڕفاندنەکە بکەن و تەماشای کامێرا چاودێرییەکان بکەن و لێکۆڵینەوەیەکی بێ لایەنی تێدابکەن، چونکە ئێمە گومانی ئەوە دەکەین وەک ڕۆژنامەنووسە تیرۆرکراوەکانی پیش وەدات، سیناریۆیەکیش بۆ وەدات دروستبکرێت لە لایەن دەزگاکانی هەرێمی کوردستانەوە”.
عەبدولسەمەد، نیگەرانی خۆی بەرامبەر پۆلیسی دهۆک دەربڕی و وتی:”تا ئێستا تەواوی کەرەستەکانی وەدات لای دەزگا ئەمنیەکانی دهۆکە، دوێنێ ئۆتۆمبێلی وەداتیان دایەوە پێمان، بەڵام لە ئۆتۆمبێلەکەدا کامێراو مایکی ڕۆژنیوز هەبووە نەیان داوەتەوە، هاوکات کتێبی (مێژوویەک لە ئاگر) لەناو ئۆتۆمبێلی وەدات دەرهێنراوەو مۆبایلەکەشی هەرلای ئەوانە، لەو ڕووەوە بە پۆلیسمان وت چ کارتان بە کتێب و کامێرا هەیە، بەڵام ئەوان وتیان دەبێت لای ئێمە بێت”.
وێڕای دەربڕینی ناڕەزایی چەندین ڕێکخراوی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی لە سەر تیرۆری ڕۆژنامەنووس وەدات حسێن، تا ئێستا دەزگا ئەمنییەکان هیچ سەرداوێکی تیرۆرەکەیان ئاشکرا نەکردووە، ئەمەش جگە لە بنەماڵەی وەدات ڕۆژنامەنووسان و چالاکانی مەدەنی نیگەران کردووە.
س.ح
سێشەممە, 30 أغس 2016 – 13:34