نیسان 27, 2026

Select your Top Menu from wp menus

ڕۆژنامەنووسانی دهۆک: بێدەنگی هێزە ئەمنیەکان لە کەیسی وەدات گومانەکان زیاتر دەکات

رۆژنیوز ـ هۆشمەند كوردی: رۆژنامەنووسێكی شاری دهۆك ڕایدەگەیەنێت، شەرمەزارییەكی گەورەیە و بەو بێدەنگیەی هێزە ئەمنییەكان، زیاتر گومانەكان لەسەر خۆیان ساغ دەكەنەوە، ئێمەی ئازادیخواز چۆك دانادەین، ئێستا سەدان وەدات هەن و ئامادەی سەر ڕێگاکەی ئەون.

ڕۆژنامەنووس وەدات حسێن پەیامنێری ئاژانسی رۆژنیوز لە 13ی ئابی 2016 لە شاری دهۆك تیرۆر كرا و تا ئێستا كەس لە سەر تیرۆركردنەكەی دەستگیرنەكراوە، بەو هۆیەشەوە ناڕەزاییەکان لە ناوەوەو دەرەوەی کوردستان بەردەوامە، ڕۆژنامەنووسانی دهۆک ڕایدەگەیەنن، ئەگەر دەسەڵاتی دهۆک ئەو کەیسە ئاشکرا نەکات پرسیاری زیاتر درووستدەبن.

چیا بیلیزانی، رۆژنامەنووس و پەیامنیری كەناڵی ڕێگا لە دهۆك بە رۆژنیوزی وت:”عەقڵیەتی سیاسی بەرتەسكی حزبی لە باشور و بەتایبەت لە دەڤەری بادینان ئەگەری سەرەكی تیرۆركردنی وەدات حسێن بوو، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ساڵانی نێوان 1990 تا 2000، دەبینین بە دەیان كەس لەباشوری كوردستان تیرۆر كراون، بەهۆی بیروڕای جیاواز و كە داوای یەکسانی كۆمەڵایەتیان دەكرد، وەدات حسێنیش وەكو ئەوان تەسلیمی كۆیلایەتی بەرتەنگی حزبی نەبوو، داوای مافی هاوڵاتیانی كردووە، ڕووبەڕووی گەندەڵی و گەندەڵكاران بوەوە، ئەمەش وای كرد وەدات تیرۆر بكرێت”.

چیا بیلیزانی وتیشی:”بەڕای من تیرۆركردنی وەدات حسێن پەیامێك نەبوو بۆ ئازادیخوازان، بەڵكو پەیامێك بوو بۆ تەواوی خەڵكی كوردستان، بەتایبەت دەڤەری بادینان، پێشموایە هەرگیز مرۆڤی ئازادیخواز چۆك بۆ هیچ هێزێك دانادات، هەموو سیناریۆ و دڕندایەتی ڕێگری لێ‌ ناكات و نایوەستێت، لەبەرئەوەی کاتێ کە ئازادیخوازێك تیرۆر دەكرێت، لە بەرانبەردا سەدان كەس لەسەر ڕێبازی ئەو دەڕۆن، هەروەكو لەسەر گۆڕی وەدات بە دەیان ئازادیخواز بە دەنگی بەرزەوە هاواریان دەكرد، ئیدی هەمومان وەداتین، بە گومانم ئەمەش یەكێكە لەهۆكارەكانی ئاشكرانەكردنی بكوژانی وەدات، ڕفاندنی شایەتحاڵی ڕوداوەكەش بەڵگەیەكی ترە، ئەو لەو شوێنەی وەداتی لێ‌ تیرۆر كرا ئامادەبووە”.

ناوبراو ئەوەشی وت:”جێگەی پرسیارە چۆن كەسێ بە ئۆتۆمبێل لەسەر ترافیك لایتێك سەرپێچی دەكات بە كەمتر لە نیوكاتژمێر دەستبەسەر دەكرێت، یان گەورەترین دزی بكرێت لە شارێك و لەماوەی كەمتر لە 24 كاتژمێر دەستبەسەر دەكرێت، بە تایبەتی تیرۆری وەدات حسێن كە بە ڕۆژی رووناك و لەسەر جادەی سەرەكی و لە گەڕەكێكی قەرەباڵغ و لەبەرانبەر بنكەی پۆلیسیش، تەنانەت شایەتحاڵیش و ژمارەی ئۆتۆمبێل و هەموو بەڵگەكانی لەبەردەستە، دەستگیر نەكراوە”.

پەیامنێرەكەی كەناڵی ڕێگا ئەوەشی خستەڕوو:”من زۆر لەسەر ئەم كەیسە كارم كردووە، بەتایبەت لە لایەن هێزی ئەمنی كە كەیسەكەی لەبەر دەستە، من رۆژی دووەمی تیرۆرکردنەکە سەردانی ئەو شوێنەم كرد، هێزە ئەمنییەكان وتیان گوندی سێجێ‌ یەك جادەی هەیە و ئەویش یەك سایدە، هەردوو لای جادەكە شوێنی شوانی مەڕ و ماڵات و كارگەیە و هەمووی دەوروبەری زەوی كشتوكاڵین، پرسیارم لە 5 كەس كرد كە بە بەردەوام لەوێن، ئەو وەڵامەم دەستکەوت کە ئەو ڕۆژە هیچ هێزێكی پۆلیس لەو ناوەی نەبینراون کە تەرمیان هەڵگرتبێتەوە”.

ئەو رۆژنامەنووسە ئەوەشی دەستنیشانکرد:”بەپێی وێنەكانیش ئەشكەنجەدانی وەدات لە گوندی سێجێ‌ نەبووە، بەڵكو لەشوێنی تایبەت بووە، هیچ تەپوتۆز بەلاشەكەیەوە دیار نەبووە، خوێنی سەر دەموچاو و لاشەشی تۆزاوی نییە و تێكەڵی خۆڵ و قوڕ نەبووە”.

چیا ئاماژەی بەوەشدا:”ئەم بێدەنگییەی هێزە ئەمنییەکان گومانەكان لەسەر خۆیان ساغ دەكەنەوە، ئێمەی ئازادیخواز چۆك دانادەین، ئێستا سەدان وەدات هەن و ئامادەن درێژە بە ڕێگای بدەن”.

لە لایەكیترەوە سەبارەت بە هەمان پرس، دڵشاد هیمو پەیامنێری ئین ئارتی لە دهۆك بۆ ڕۆژنیوز دواو وتی:”شێوازی شەهیدكردنی ڕۆژنامەڤان وەدات حسێن كردەوەیەكی تیرۆریستی بوو بۆكپكردنی دەنگی ئازاد لە بادینان و ترساندنی كەسانی ئازادیخواز”.

دڵشاد هیمۆ وتیشی:”ئەگەر دەستەڵاتدارانی دهۆك ئەنجامدەری ئەو تیرۆرە دیاریی نەكەن، ئەوا پرسیاری زۆر لەسەر دەزگاكانی ئەمنی لە دهۆك و پارتی دیموكراتی كوردستان پەیدادەبێت، بە حوكمی ئەوەی دەستەڵاتدارە لەم دەڤەرە، ڕاست نییە كەسێك لە پێش چاوی خەڵك بڕفێنرێت و دوای دوو سعات تەرمەكەی فڕێبدرێتە نزیك جادە و دەزگاكانی ئەمنی نەزانن کێ بکەری ئەو تاوانەیە”.

دڵشاد ئەوەشی وت:”خەڵك بە چاوی خۆی ئەو ڕووداوەی بینیوە، دهۆك هەمووی لەژێر كامێرای چاودێرییدایە، ئەمانە هەمویان پرسیارن بۆ دەستەڵاتدانی دهۆك”.

س.ح

یەكشەممە, 11 سبت 2016 – 10:06

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *