حوزه‌یران 16, 2025

Select your Top Menu from wp menus

“بەرپرسان بۆ شاردنەوەى گەندەڵییەکانیان هێرش دەکەنەسەر ڕۆژنامەنووسان”

ڕۆژنیوز ـ هاوڕێ و بۆتان: بەشێک لە ڕۆژنامەنووسانى گەرمیان ئاماژە بەوە دەکەن، دەسەڵات و بەرپرسانى حکومى و حزبی بۆ شاردنەوەى گەندەڵی و کارە نایاساییەکانیان هێرش دەکەنە سەر ڕۆژنامەنووسان و مافیان پێشێڵ دەکەن.

لە هەرێمى کوردستان تا ئێستا چەندین ڕۆژنامەنووس ڕووبەڕووى گرتن و ئەشکەنجەدان و تیرۆرکردن بونەتەوە و تا ئێستاش دادگایەکى عادیلانە بوونى نیە لە هەرێمى کوردستان تا ئەو کەسانەى هێرشیان کردە سەر ڕۆژنامەنووسان سزا بدرێن.

ئەحمەد حەمید، ڕۆژنامەنووس، بە ڕۆژنیوز وت: بەشێک لە بەرپرسانى ئەم دەسەڵاتە کۆمەڵێک مەلەفی گەندەڵی و ساختەکارییان هەیە و نایانەوێت بڵاوببێتەوە و بکەوێتە بەردەست خەڵک بەئاشکرا.

وتیشی: کاتێک کە ڕۆژنامەنوسێک کارێکى ڕۆژنامەوانى دەکات لەسەر ئەو گەندەڵییانە و ڕاستیەکان بۆ خەڵک ئاشکرادەکات، بەرپرسان تواناى هیچ کارێکیان نیە بیکەن دژ بەو ڕۆژنامەنووسە و ڕێکاری یاسایی بگرنەبەر، بەڵکو هەڕەشەى کوشتن و تۆقاندنى لێدەکەن.

لە ساڵی ٢٠٠٨وە تا ئێستا چوار ڕۆژنامەنووس لە هەرێمی کوردستان تیرۆرکراون، بەڵام تا ئێستا بکوژانی ئەو ڕۆژنامەنووسانە ئاشکرا نەکراون.

ژینۆ عەلی، پەیامنێری ڕۆژنامەى نەوژین لە گەرمیان بۆ ڕۆژنیوز وتى: بەهۆی ئەوەى ڕۆژنامەنووسان بەردەوام، گەندەڵی و کارە نایاساییەکانى بەرپرسانى هەرێمى کوردستان دەگوازنەوە بۆ بینەر و بیسەر و خوێنەر، بۆیە زوو زوو لە لایەن کاربەدەستانەوە ڕووبەڕووى هەڕەشەی کوشتن و ڕفاندن دەبنەوە و بە ئاسانى پێشێلکارییان بەرامبەر دەکرێت.

ئەوەشی وت: نموونەش ئەو پۆلە شەهیدە ڕۆژنامەنووسانەى قەڵەم، کە بەهۆی ئەوەى ڕاستی و گەندەڵی و کارە نایاساییەکانى بەرپرسانیان ئاشکرا دەکرد و دەیانخستە سەر ڕووبەڕى ڕۆژنامە و تیڤییەکان، لە لایەن بەرپرسانەوە دواى دەیان پێشێلکاری تیرۆر کران.

ساڵی ٢٠٠٨ سۆران مامە حەمە پەیامنێری گۆڤاری لڤین لە شاری کەرکوک لە بەردەم ماڵەکەی خۆی تیرۆر کرا، هەروەها ساڵی ٢٠١٠ سەردەشت عوسمان ڕۆژنامەنووس لە شاری هەولێر ڕفێندرا و دواتر لە موسڵ تەرمەکەی دۆزرایەوە، کە دەرکەوت بە شێوەیەکە زۆر دڕندانە تیرۆر کراوە.

هادی ئەحمەد، پەیامنێری وەرزشی کوردستانى نوێ، بۆ ڕۆژنیوز باسی لەوە کرد کە هێرش کراوەتەسەری و وتى: کاتێک هێرش کرایە سەرم و کامێراکەم شکێنرا و پێشێلکارییم لە ئاست کرا، سەرقاڵی ڕووماڵی شەڕی نێوان هاندەرانى یانەى شێروانە و کارمەندانى هێزەکانى ئاسایشی گەرمیان بووم لە یاری نێوان شێروانە و هەولێر لەساڵی ڕابردوو.

باسی لەوەش کرد: هۆکاری هێرشکردنە سەریشم، تەنها لەبەرئەوە بوو، کە ڕووماڵی عەیبەى هێزە ئەمنیەکانم دەکرد و ئەوان پێیان عەیب بوو، عەیبێکى گەورەیان ئاشکرا بێت.

لە ساڵی ٢٠١٣ لە گەرمیان و لە بەردەم ماڵەکەی خۆیدا، ڕۆژنامەنووس کاوە گەرمیانی تیرۆر کرا، ئەو سەرنوسەری گۆڤاری ڕایەڵ بوو، گەندەڵییەکانی بەرپرسانی ناوچەکەی بڵاودەکردەوە.

زریان محەمەد، ڕۆژنامەنووس لە ڕادیۆی دەنگ، بە ڕۆژنیوزى وت: بەداخەوە لە هەرێمى کوردستان یاساییەک نیە بەرگری لە مافی ڕۆژنامەنووسان بکات، ڕاگەیاندن لە هەرێمى کوردستان ناوى لێ نراوە دەسەڵاتى چوارەم، کەچی بە بەردەوامى مافی ڕۆژنامەنووس پێشێل دەکرێ و هێرشی دەکرێتە سەر و ڕووبەڕووى ترساندن و تۆقاندن دەبێتەوە، بۆیە پێموایە هیچ چارەسەرێک نیە بۆ ئەوەى ڕۆژنامەنووسان ڕزگارییان بێت لە هێرش و پێشێلکاری بەرامبەریان.

زریان محەمەد وتیشی: ئەگەر چارەسەرێک هەبوایە، بۆ ئەو پێشێلکاریی و هەڕەشانەى دەکرێتە سەر ڕۆژنامەنووسان و دادگایەکى عادیلانە هەبوایە و گوێی لە ڕۆژنامەنووس بگرتایە و یاسایەک هەبوایە مافی ڕۆژنامەنووسان بپارێزرایە، ئەوە نە وەدات و نە کاوە و نە سۆرانى مامە حەمە و نە سەردەشت عوسمان شەهید نەدەکران.

تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسان کۆتایی نەهات و ساڵی ڕابردووش وەدات حسێن پەیامنێری ئاژانسی ڕۆژنیوز لە شاری دهۆک ڕفێندرا و دواتر لە دەرەوەی شارەکە تەرمەکەی دۆزرایەوە، وەدات دوای ئەشکەنجەدانێکی زۆر تیرۆرکرابوو، تا ئێستاش بکوژانی وەدات ئاشکرا نەکراون.

ئارام ئیکرام، سکرتێری نوسینگەى گەرمیانى سەندیکاى ڕۆژنامەنووسانى کوردستان بە ڕۆژنیوزى وت: ئەمساڵ لە سنوری گەرمیان، ژمارەیەک پێشێلکاری زەق کراوەتە سەر ڕۆژنامەنووسان، کە بریتین لە پێشێلکاریکردن و هەڕشەکردن و دەستگیرکردنى پەیامنێری ئێن ئاڕتى لە شارۆچکەى کفری.

وتیشی: هەروەها هێرشکردنەسەر هادی ئەحمەد پەیامنێری وەرزشی و شکاندنى کامێراکەى لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە و حاڵەتى سێیەم تەقەکردن لە ماڵی ڕۆژنامەنووس حەیدەر ئەحمەد لە شارۆچکەى کفری و حاڵەتى چوارەمیش ئاسایشی گەرمیان سکاڵاى لەسەر یاداشتێکى نوسینگەى گەرمیانى سەندیکا هەیە، نزیکەى یەک ساڵە تا ئێستا یەکلایى نەکردوەتەوە.

ک.ک

دووشەممە, 4 ديس 2017 – 13:47

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *