حوزه‌یران 16, 2025

Select your Top Menu from wp menus

پێشێلكاریی مافەكانی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستاندا.. ڕاپۆرت

ڕۆژنیوز – دانا عومەر: لە هەرێمی كوردستان پێشێلكاری مافەكانی مرۆڤ بەردەوامە، بەهۆی ئەو ئاڵۆزییە سیاسییەی كە هەیە پێشێلكاریەكان بەرامبەر بە چالاكوانان و ڕۆژنامەنووسان و ژنان و منداڵان، لە ڕیزی پێشەوەی پێشێلكاریەكانن.

ئەمڕۆ ١٠ی دیسەمبەر، هاوکاتە بە ساڵڕۆژی ڕاگەیاندنی جاڕنامەی جیهانی مافەكانی مرۆڤ، كە بەر لە ٦٨ساڵ لەلایەن نەتەوەیەكگرتووەكانەوە بە فەرمی پەسەندكرا بۆ جێبەجێكردن.

لە هەرێمی كوردستاندا، پێشێلكاری جۆراوجۆر بەرامبەر بە مافی مرۆڤ ئەنجام دەدرێت، كە خۆیان لە پێشێلكاری بڕینی مووچە و قوتی هاوڵاتییان و ئازاردانی دەرونی و جەستەیی، کە تا ئاستی ڕفاندن و دەستگیركردن و كوشتن دەڕوات.

بەهۆی ئەوەی چالاكوانان و ڕۆژنامەنووسان بەردەوام لە ڕیزی پێشەوەی چالاكی و دەربڕینی ناڕەزایدان بەرامبەر بە ستەمەكانی دەسەڵات، زۆربەی جار ئەوان دەبنە قوربانی پێشێلكاریەكانی مافی مرۆڤ.

بەپێی ڕاپۆرتێكی ڕێكخراوی ئاشتی و ئازادیی ڕادەربڕین، كە لەڕۆژی 9ی ئەم مانگەدا لە شاری هەولێر بڵاوی كردووەتەوە، لە ماوەی ١١ مانگی ئەمساڵدا لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان ١٤٥پێشێلكاریی بەرامبەر ئازادیی ڕادەربڕین ئەنجامدراوەو لەو ڕێژەیەش پشكی شێر بەر ڕۆژنامەنووسان و دەزگاكانی ڕاگەیاندن كەوتووە.

هەر لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، كە تا ئێستا لە هەرێمی كوردستان لێدان و هەڕەشەی تیرۆر لەسەر گیانی ڕۆژنامەنووسان هەیە و حكومەتی هەرێمی كوردستان-یش نەیتوانیوە بەسەر ئەم مەترسیانەدا زاڵبێت، لە كاتی ڕووداوە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكان لەلایەن خودی دەزگا ئەمنییەكانەوە هێرش دەكرێتە سەر دەزگاكانی راگەیاندن و، هەندێ جاریش لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە سوكایەتیی بە ڕۆژنامەنووس كراوە.

هەر لەو ڕاپۆرتەدا، ئاماژە بە تیرۆری ڕۆژنامەنووسان كرابوو، كە تیایدا وەدات حسێن-ی پەیامنیری ڕۆژنیوز لە دهۆك بە نمونە هێندرابووەوە، كە ١٣/ئاب/٢٠١٦ تیرۆركرا لە شاری دهۆك.

پێشێلكاری بەرامبەر بە ژنان

بەپێی ڕاپۆرتێكی ئاژانسی ڕۆژنیوز، كە لە بەڕێوبەرایەتییەكانی توندوتیژی ژنانی لە هەرێمی كوردستان وەریگرتووە، لە نۆ مانگی یەكەمی ساڵی 2017-دا لە سنووری هەولێر، دهۆك، سلێمانی، سۆران، ئیدارەی ڕاپەڕین و گەرمیان، حەوت هەزار و 445 حاڵەتی توندوتیژی تۆماركراون، لەو ژمارەیەش هەولێر زۆرترین حاڵەتی بەركەوتووە، كە بریتییە لە دوو هەزار و 530 حاڵەت.

لەدوای هەولێر، دهۆك پلەی دووەم وەردەگرێت لە توندوتیژییەكانی دژ بە ژنان و لەو ماوەیەدا هەزار و 876 حاڵەتی لێ تۆماركراوە، لە سلێمانی-ش هەزار و 682 حاڵەت تۆماركراوەو پلەی سێیەمی وەرگرتووە، هەروەها 656 حاڵەتیان لە گەرمیان و 441 حاڵەت لە سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین و 260 حاڵەتیش لە سۆران بووە.

بەوپێیەش، ڕێژەی گشتی توندوتیژییەكان لە هەولێر 33.9 %، لە دهۆك 25.1 %، لە سلێمانی 22.2%، لە گەرمیان 8.8 % لە ڕاپەڕین 5.9 % و لە سۆران 3.4 % بووە.

هەر بەپێی ئەو ڕاپۆرتە لەماوەی ئەو نۆ مانگەدا 38 حاڵەتی كوشتنی ژنان هەبووە، 58 حاڵەتی خۆكوشتنی ژنان هەبووە، 166 حاڵەتی سوتان و 95 حاڵەتی خۆسوتاندن و 101 حاڵەتی دەستدرێژی سێكسی هەبووە، هەر لە ڕاپۆرتەكەدا ئاماژە بەوەكراوە، كە 6987 حاڵەتی ئەشكەنجەو سكاڵا تۆماركردن هەبووە.

هەر بەپێی ئەو ئامارە، دەركەوتووە لە نۆ مانگی یەكەمی ئەمساڵ-دا، لە مانگی حەوت و هەشت زۆرتین حاڵەتەكانی توندوتیژیی تۆماركراون، و زۆربەیان تۆماری سكاڵا و سوتان و خۆسوتاندن و دەستدرێژی سێكسییە.

هەروەها، لە نۆمانگی یەكەمی ساڵی 2017 بەبەراورد بە ساڵی 2016 ژمارەی حاڵەتەكانی توندوتیژیی لە هەرێمی كوردستان زیادیكردووەو‌ لە پێنج هەزار و 227 حاڵەتەوە بووەبە حەوت هەزار و‌ 445 حاڵەت و بەمەش توندوتیژیی لەچاو ساڵی ڕابردوو دوو هەزار و 218 حاڵەت زیادیكردووە،‌ واتا‌ بە ڕێژەی 42.5 % توندوتیژییەكان لە 2017 دا زیاتربووە.

پێشێلكارییەكان بەرامبەر بە مافی مرۆڤ لە سلێمانی بەپێی ئامارێكی نوسینگەی سلێمانی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، لە 11مانگی ئەمساڵدا 255 پێشێلكاری بەرامبەر مافەكانی مرۆڤ كراوە لە سنوری سلێمانی، كە 91 پێشێلكارییان لە مانگی 9دا بووە، كە مانگی ئەنجامدانی پڕۆسەی ڕیفراندۆم بوو، هەر بەپێی ئەو ڕاپۆرتە لە ماوەی یانزە مانگی ئەمساڵدا 274 حاڵەتی توندوتیژی تۆماركراوە لە سنوری پارێزگای سلێمانی.

سابیر عەبدوڵا، بەڕێوبەری نوسینگەی سلێمانی دەستەی سەربەخۆیی مافی مرۆڤ ئاماژەی بەوەكرد، كە لەساڵی 2017دا بە بەراورد بە دوو ساڵی ڕابردوو حاڵەتەكانی كوشتن و خۆكوشتن كەمی كردووە، بەڵام پێشێلكاری و توندوتیژییەكان زیادیان كردوو، ئەوەشی بۆ تێكچونی بارودۆخی سیاسی و ئابووری هەرێمی كوردستان گەڕاندەوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد، كە پشكی شێری توندوتیژیەكان بەر ڕۆژنامەنووسان و ژنان و منداڵان دەكەوێت.

س.ح

یەكشەممە, 10 ديس 2017 – 13:18

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *