خه‌ندان-ره‌ڤه‌ند گوھه‌رزی: ده‌ربه‌ند حسێن، برای ویدات حسێن ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌ی له‌دهۆك كوژرا، جه‌ختده‌كاته‌وه له‌وه‌ی تادێت گومانه‌كانیان له‌كوشتنی براكه‌ی زیاتر ده‌بن، بۆیه داوا ده‌كات گومانه‌كانیان بۆ بڕه‌وێننه‌وه، ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه ده‌زگا ئه‌منی‌و ته‌ندروستییه‌كانی دهۆك ئاماده‌نین قسه له‌سه‌ر ئه‌و كه‌یسه بكه‌ن.
ویدات حسێن عه‌لی (29 ساڵ)، شه‌ممه‌ی رابردوو، له‌گه‌ڕه‌كی ماڵته‌ی دهۆك كاتێك له‌ماڵ چووه‌ته ده‌ره‌وه دیارنه‌ماوه‌و دوای چه‌ند كاتژمێرێك، ته‌رمه‌كه‌ی له‌سه‌ر رێگای گوندی سیجێ نێوان قه‌زای سێمێل‌و دهۆك دۆزراوه‌ته‌وه، ئاسه‌واری زۆری ئه‌شكه‌نجه‌دان له‌جه‌ستیه‌وه هه‌بووه، ئه‌وه‌ش ناڕه‌زایی فراوانی به‌دواداهات.
ده‌ربه‌ند حسێن، برای ویدات، به‌خه‌ندان-ی وت كه دوای نزیكه‌ی هه‌فته‌یه‌ك له‌كوشتنی براكه‌ی “رۆژانه گومانی تر ده‌كه‌ین‌و زانیاری نوێمان بۆ دێت له‌سه‌ر شێوازی كوشتنه‌كه‌ی”.
وتیشی “ئه‌وه‌ی بووه‌ته جێی گومان بۆ ئێمه ئه‌وه‌یه چۆن پۆلیس ته‌رمی ویدات-ی گه‌یاندووه‌ته نه‌خۆشخانه، ئه‌ی كێ به‌ئه‌وان (پۆلیس)ی وت ویدات كوژراوه… له‌گه‌یاندنی بۆ نه‌خۆشخانه بۆ كه‌س نه‌یبینیوه، یان كێی له‌گه‌ڵ بووه، ئه‌وانه بۆ ئێمه جێی گومانن‌و ده‌مانه‌وێت وه‌ڵاممان بده‌نه‌وه”.
پێشتر ئه‌و برایه‌ی ویدات به‌خه‌ندان-ی وت “رۆژی رووداوه‌كه پۆلیس وتیان نازانین چی به‌سه‌ر براكه‌ت هاتووه‌و سه‌یری كامێراشمان كردووه به‌ڵام هیچ زانیارییه‌كمان ده‌ستنه‌كه‌وتووه”.
ویدات كاتژمێر هه‌شتی به‌یانی شه‌ممه‌ی رابردوو ویستوویه‌تی براگه‌وره‌كه‌ی بگه‌یه‌نێته سه‌ر كاره‌كه‌ی له‌گه‌ڕه‌كی ماڵتا‌و هه‌ر له‌نزیكی ئه‌و شوێنه، “دوو ئۆتۆمبێل چوارده‌وری ئۆتۆمبێڵه‌كه‌یان داوه‌و ده‌ریانهێناوه، ده‌ست‌و چاویان به‌ستووه‌و تووره‌كه‌یان كردووه‌سه‌ری، له‌ناو ئۆتۆمبێله‌كاندا شه‌ش كه‌س هه‌بوون”، ئه‌وه‌ش به‌پێی راپۆرتێكی پێشووی خه‌ندان.
كاتی رووداوه‌كه بنه‌ماڵه‌كه‌ی ویدات حسێن، جه‌ختیانكرده‌وه له‌وه‌ی ویدات به‌برینداری گه‌یه‌نراوه‌ته نه‌خۆشخانه، له‌ئێستاشدا جارێكی تر باس له‌هه‌مان زانیاریی ده‌كه‌ن، “هه‌ندێك زانیارییمان پێگه‌یشتووه باس له‌وه ده‌كه‌ن كه ئه‌و رۆژه‌ی جه‌نازه‌ی شه‌هید ویدات گه‌یه‌ندراوه‌ته نه‌خۆشخانه‌ی فریاكه‌وتن چه‌ند كه‌سێك بینیویانه زیندوو بووه‌و دواتر گیانی له‌ده‌ستداوه”، ده‌ربه‌ند زیاتر وتی “ویدات له‌ناو نه‌خۆشخانه هه‌ناسه‌ی هه‌ڵكشاوه‌و ده‌م‌و لووتی پڕ بووه له‌خوێن‌و دواتر مردووه”، ئه‌وه‌ش جارێكی تر بۆ بنه‌ماڵه‌كه‌ی جێی گومانه‌و ده‌یانه‌وێت لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان ئه‌و گومانانه‌یان بۆ بڕه‌وێننه‌وه.
تائێستا جگه له‌پۆلیس، هیچ ده‌زگایه‌كی تری ئه‌منی له‌هه‌رێمی كوردستان ده‌رباره‌ی كه‌یسی كوشتنی ئه‌و رۆژنامه‌نووسه رونكردنه‌وه‌ی نه‌داوه.
پێشتر رائید هێمن سلێمان، به‌رپرسی راگه‌یاندنی پۆلیسی دهۆك به‌خه‌ندان-ی راگه‌یاندبوو “تائێستا هیچ شتێك دیارنیه‌و ناشبێت كه‌س بڵێت كوژرانی ئه‌و رۆژنامه‌نووسه له‌سه‌ركێشه‌یه‌كی كومه‌ڵاتی یان سیاسی بووه… تا هۆكار‌و چۆنیه‌تی كوشتنی ئه‌و كه‌سه نه‌زانرێت‌و تاوانباران ده‌ستگیرنه‌كرێن، ناتوانین بڵێین چ جوره تاوانێكه”، رائید هێمن وتیشی “لێكۆڵینه‌وه‌كان به‌رده‌وامه”.
هه‌ر زوو وێنه‌و گرته‌ی ڤیدیۆیی جه‌سته‌ی ویدات له‌نه‌خۆشخانه، به‌میدیا‌و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی ئینته‌رنێتدا بڵاوبووه‌وه، كه ئاسه‌واری ئه‌شكه‌نجه‌دان له‌چه‌ندین شوێنی جه‌سته‌یه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت.
ده‌ربه‌ندی برای وتی “په‌راسوه‌كانی شكێندرابوون، ددانه‌كانی ده‌رهێنراون‌و گوێیه‌كیش بڕدراوه، هه‌روه‌ها به‌كڵاشینكۆف له‌سه‌ری دراوه‌و شكێندراوه، هه‌ردوو قاچیشی شكێندراون‌و كاره‌بای لێدراوه”.
كوشتنی ئه‌و رۆژنامه‌نووسانه ناڕه‌زایی فراوانی رێكخراوه‌كانی داكۆكیكه‌ر له‌مافی رۆژنامه‌نووسان‌و مافی مرۆڤ به‌دوای خۆیدا هێناو له‌گه‌ڵ ئیدانه‌كردنی داوایان له‌ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم كرد به‌دواداچوون بۆ كه‌یسه‌كه بكه‌ن‌و بكوژان سزابدرێن.
هاوكات مه‌سعود بارزانی داوای دروستكردنی لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌ی كرد بۆ دۆزینه‌وه‌و سزادانی بكوژی ویدات حسێن.
ده‌ربه‌ند حسێن برای ویدات به‌خه‌ندان-ی وت كه شێوازی كوشتنی ویدات قسه‌و گومانی زۆر هه‌ڵده‌گرێت، “پێمانوایه به‌ڵگه‌ی باش له‌به‌رده‌ستدایه‌و پێویسته بوومان ئاشكرابكه‌ن كه كێ كوشتویه‌تی‌و بۆ كوژراوه‌و چۆن كوژراوه”.
كه‌سوكاری ویدات ئاماده‌نین ده‌ست له‌كه‌یسی كوشتنی كوڕه‌كه‌یان هه‌ڵبگرن‌و بڕیاریانداوه بچنه په‌رله‌مان‌و سكاڵا تۆمار بكه‌ن.
8/19/2016 6:28:00