ئایار 05, 2024

Select your Top Menu from wp menus

خۆشباوەڕیە بکوژەکانی ویدات ئاشکرا و دادگایی بکرێن، تا بکوژانی کاوە و سۆران و سەردەشت بە ئازادی بسورێنەوە

بەکر عوسمان:
تیرۆری دڕندانەی ڕۆژنامەنووس ویدات حسێن، برینێکی گەورەی خستە دڵمان و ئازارێکیتری جەرگبڕی خستە سەر ئازارەکانیتر. کوشتنی ویدات لەلایەن چەقۆکێشەکانی دەسەڵاتداری مافیاکانی کوردستان. مانایەک و ڕێزێکی بۆ ژیان، ماف و ئینسان نەهێشتۆتەوە.
ئەگەر تیرۆری ویدات ڕاماننەچڵەکێنی و سنورێک بۆ چەتەکانی دەسەڵاتی کوردی دانەنێین، ئەوا دەبێ چاوڕوانی کۆشتنی یەک یەکە و بە کۆمەڵ بین.
هاوارەکانمان لە دۆسیەی سۆران و سەردەشت و کاوەدا، کە تێپەڕاندنی ئەو دۆسیانە بەو شێوەیە زۆر مەترسیدارە. مەترسیدارە بۆ پرسی ئازادی، مەترسیدارە بۆ گەنجان و ئایندەی کۆمەڵگای کوردستان، مەترسیدارە بۆ کۆیلەکردن و بێدەنگکردنی کۆمەڵگە لە ژێر نێزەی تڤەنگ بەدەستانی بنەماڵە، مەترسیدارە بۆ درێژە کێشانی گەندەڵی و دەسەڵاتی مافیایی. مەترسیەکە ئەوەیە کە ئەمرۆ دەبێنین بە ڕۆژی ڕوناک، بە دار و چەقۆ ویدات دەکوژن.

چاوەڕوانی یاسا و لێژنەی لێکۆڵینەوە و دەزگا ئەمنیەکانی حیزب و بنەماڵە و دادگا، یانی قەبولکردنی ئەوەی، بەیانی نۆرەی کوشتنی کامەمانە. یاسا و لێژنەی لێکۆڵینەوە و دادگا، واتە چاوەڕوانی دادە لە بکوژەکانی ویدات. بکوژەکانی ویدات لەسەرووی یاسا و هەموو سیستەمێکەوە وەستاون لە کوردستان. ئێمە دەبێ لە شەقام کار لەگەڵ بکوژەکانی ویدات یەکلایی بکەینەوە. جولە و کاری یەکلایکەرەوەی ئێمە شەقامە.

دۆسیەی ویدات دۆسیەی سەرجەم خەڵکی کوردستانە، دۆسیەی ئازادی و ئازادیخوازانە. دۆسیەی هەموو کەسێکە دژی گەندەڵی و ستەم و زۆرداری و سەرکوت و دیکتاتۆریە. هەر وەکو لە تیرۆرەکانی تا ئێستا بەکردەوە بینیومانە خەڵکی کوردستان لە خوێنی ئازیزانی تیرۆرکراومان خۆش نابێ و ناچێتە هیچ سات و سەودایەکی دەسەڵاتداران بۆ کپ کردنی دەنگی ناڕەزایەتیەکان.

دۆسیەی تیرۆری دەنگی ئازاد و ڕۆژنامەنوسانی کوردستان یەکێکن و لەیەک جیا ناکرێنەوە. تا بکوژانی کاوە و سۆران و سەردەشت بە ئازادی بسورێنەوە، خۆشباوەڕیە بکوژەکانی ویدات ئاشکرا و دادگایی بکرێن. ئەمرۆ دەبێ هەموو هەوڵەکانمان یەکخەین و یەخەی ئەو دەسەڵاتە مافیاییە بگرین باجی کارە تیرۆسیتەکانی تیرۆری ویدات و سۆران و سەردەشت و کاوە و ئەوانی دیکەش بداتەوە. ئیتر رێگایەکمان لەبەردەم نەماوە، جگە لەوەی هەموو هەوڵەکانمان یەکخەین بۆ ‌هەڵپێچانی ستەم و زۆرداری و خوێنڕێژی ئەم دەسەڵاتە تیرۆرست و سەرکوتگەرە و دادگاییکردنی سەرانی تاوانکاری.

2016-08-13

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *