ئایار 05, 2024

Select your Top Menu from wp menus

ئەمەشتان وەک سەردەشت عوسمان لێ کرد

ڕۆژ عەزیز:
رۆژی ١٣/٨/٢٠١٦وەدات حسێن عەلی ڕۆژنامەنوسی ئاژانسەکەمان ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆژنیوز، لە شاری دهۆک، لە گەڕەکی ماڵتا لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراو دەڕفێندرێت و پاش چەند کاتژمێرێک تەرمەکەی لە سەر ڕێگەی شارۆچکەی سێمێڵ – دهۆک، دەدۆزرێتەوە . ئەم کردەوە چەپەڵەش لەهەمان کردەوەی تیرۆری سەردەشت عوسمان و سۆرانی مامە حەمەو کاوە گەرمیانی دەچێت . سێ رۆژنامەنوسە گەنجە لەسەر رەخنەو نوسین کوژران ، وە وەدات حسێنینش هەر قوربانی دەستی تیرۆری سەرانی ئەحزابی ناسیونالیستی کوردین ، سەرانی تاڵانچی کوردستان ٢٥ساڵە تاڵانکاری دەکەن ، کوردستانیان کردۆتە جەهەنەم بۆ خەڵک و خۆشیان هەرچی سەروەت وسامانی کۆمەڵگایە قۆرغی دەکەن ، بەڵام سۆران وکاوەو سەردەشت ووەدات رەخنە بگرن تیرۆریان دەکەن . داخۆ لەدوای تیرۆری وەدات حسێن دەسەڵاتدارانی دەڤەری دهۆک چ سیناریۆیەک هەڵبەستن بۆ تیرۆری ، ئیوە بڵێن ئەمەش نەکەنە داعش وتیرۆریست ، هەرچەندە دەسەلاتدارانی پارتی دیموکراتی کوردستان ناتوانن تۆمەت یاخود سیناریۆی تیرۆرستی بۆ دروست بکەن ، بەڵام گەر بۆیان بکرێت تۆمەتی ئەخلاقی بۆ هەڵبەستن بڵێن کێشەی عەشایەری هەبووە .
وەدات حسین پێشتر وەک کاوەو سۆران وسەردەشت هەرەشەی کوشتنی لێ کراوە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەو دەڤەرەوە ، بۆیە ئەوانەی هەرەشەیان لێ کردوە هەر ئەوان تیرۆریان کردوە . هەرەشە کردن لەنوسەران و رۆژنامەنوسان مێژووی کەم نیە ، لەماوەی حکومرانی کوردیدا زۆر کەسایەتی و خەڵکی نارازی بەدەستی حیزبەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق ویەکێتی نیشتیمانی کوردستان کوژراون یاخود تیرۆر کراون و بەشێکی دیکەش کە تیرۆر کراون ئەوانیش تیرۆری دەستی ئیسلامی سیاسی بوون کە ئەحزابی ناسیونالیستی کوردی دەستی بۆ ئاوەڵا کردبوون . فەرهاد فەرەج تیرۆری دەستی ئیسلامیەکان بوو ، شاپور عەبدولقادرو قابیل عادل تیرۆری دەستی ئیسلامیەکان بوو کە ئێستا تیرۆریستان لە پەرلەمانەکەی یەکێتین ، نەزیر عومەر تیرۆری دەستی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو ، کوشتنی پێنج کادرەکەی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق سەرانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان قەتڵوعامیان کردن ، محمد حەلاق وهاورێکانی هەر بەدەستی سەرانی یەکێتی لەکۆیە تیرۆر کران . هەموو ئەمانەو دواتریش سۆران وسەردەشت وکاوەو ئەمرۆش وەیدات بەدەستی دەزگا سیخورەکانی سەرانی ئەحزابی کوردایەتی تیرۆر کراون .
ڕفاندن و دواتریش تیرۆری وەدات حسێن هەر هەمان سیناریۆی تیرۆری کاوەو سەردەشت وسۆرانەکانە ، ئەمرۆش بەتیرۆری وەدات حسین دایک وباوکی سەردەشت وسۆران وکاوەکان زامێکی تر چووە جەستەیانەوە برینەکانی ئەو دایک باوک و هاورێ وکەسوکاریان هەموویان کولانەوە ، بەتیرۆرو لەخوێن هەڵکێشانی وەدات حسین ئیستا دایکی سۆران وکاوەو سەردەشت بەقوڵپ دەگرین و ئیستا ئەو دایکانە جەرگیان ئەوەندەی دیکە سوتا کە دەبینن رۆژنامەنوسێکی هاوپیشەی کورەکانیان لەخوێن هەڵکیشراوە . ئەگەر دایکی سۆران وکاوەو سەردەشت بۆیان بکرێت دەچوون توند باوەشیان دەکرد بە سنگی دایکی وەدات داو بەقوڵپ هەر چوار دایکە جەرگ سوتاوەکە بۆ ئازیزەکانیان دەگریان و ٤دایکی جەرگ سوتاو دەبوونە هاوخەمی یەکتر ، چوار دایکی جەرگ سوتاو کە بەوپەری هەژاری بەدبەختی چوار کۆرپەیان پەروەردە کرد تا گەورە بوون دوایش بەدەستی هەمان هاو زمان وهەمان بەناو حکومەت وحیزبی کوردی لەخوێن هەڵکێشران .
بێجگە لە دایکی ئەم چوار رۆژنامەنوسەش دایکی پێنج کۆمۆنیست هەمان برین چووە جەستەیانەوەو ئیستا بە کوشتنی وەدات ئەوانیش هەمان کوشتنی ئازیزەکانیان بیر دێتەوە کە سەرانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە پیلانی جمهوری ئیسلامی ئێران لەخوێنی هەڵکێشان . ئەم تیرۆرە بەردەوامە دایک وباوک وکەسوکاری هەموو ئەو ئازیزانەی گیانیان بەخت کرد تیرۆر کران لەخوین هەڵکێشران لەپێناو خەڵکی کوردستانداو قەڵەمەکانیان بەدەستی ئەحزابی کوردایەتی شکێندران و خەباتکارانی رێگای ئازادی یەکسانی خۆشگوزەرانیش هەر بەدەستی ئەم دەسەڵاتە مافیایە کوژران . ئاماری تیرۆرو کوشتنی ئینسانەکان زۆرن لەم کۆمەڵگایە کە بەدەستی ئەحزابی کوردایەتی و تیرۆریزمی ئیسلامی کوژراون ، ئەگەر بێدەنگ بین شەقام و شوێنە گشتیەکان دەرەوەی وڵات لەمانە نەکەینە دەنگی نارەزایەتی گەورە ، ئەوە ئەمرۆ وەدات حسین بوو سبەینێ ئێمەش ، وەرنە مەیدان دەسەڵاتی ناوچەی دهۆک شەرمەزار بکەن بەرۆکی دەسەڵاتدارانی ئەو دەڤەرە بگرن یان دەبێت بەزوترین کات بکوژی وەدات حسین بدۆزنەوە بیدەنە دادگا ، یان بێدەنگیتان نیشانەی ئەوەیە ئێوە وەدات حسێنتان تیرۆر کردوە .
هەرچەندە بەپێی هەندێک سەر چاوە بیت ئەوە دەستی پارتی دیموکراتی کوردستانی لەپەشتە چونکە بەرپرسی پارتی دیموکراتی کوردستان لەو دەڤەرە هەرەشەیان لێ کردوە کە ئەگەر بەردەوام بێ لەنوسین ئەوە دەکوژرێت ، بێجگە لە هەرەشەی ئەو بەرپرسی پارتیش ئاسایشی دهۆک چەند جار بانگیان کردوە بۆ ئاسایش وهەرەشەیان لێ کردوە . ئینسان کوژەکانی دەسەڵاتی مافیای لە کوردستان جارێ سەرەتا بە بانگ کردن ونەسیحەت کردن بەرۆژنامەنوسان و رەخنە گران دەڵێن واز لە پیشەکەتان بهێنن ئەگینا رەخنە بگرن دەتان کوژین ، دواتریش ئەگەر رۆژنامەنوسان ورەخنەگران بەردەوام بوون ئەوە بەرپرسەکانیان هەرەشە دەکەن ، ئەگەر هەر بەردەوام بوون لە رەخنە گرتن ئەوە تیرۆریان دەکەن کە چۆن سۆران وکاوەو سەردەشت چۆن هەرەشەیان لێ کراو تیرۆر کران دواتریش وەدات حسێن هەر بەم جۆرە هەرەشەی لێ کرا سەرەنجام بەدرندانەترین شێوە تیرۆر کرا .
لێرەوە بانگەوازی من بۆ خەڵکی ئازادیخوازی کوردستانە بۆ رۆژنامەنوسانە بۆ سەرجەمی خەلکی کوردستانە کە ئەوانەی نرخی ئینسانەکانیان بۆ گرنگە بێنە مەیدان ودەنگی نارەزایەتی لەبەرمابەر تیرۆری وەدات حسین عەلی دەربڕن و رێگە مەدەن چارەنوسی هیچ کەسێکی دیکە وەک وەدات حسێن وکاوەو سۆران وسەردەشتی لێ بێت . ڕێگە مەدەن وەداتێکی دیکە بکوژرێت وڕێگە مەدەن هیچ کەسی دیکە لەسەر رەخنەگرن نوسین لەدەسەڵاتی مافیای لەکوردستان تیرۆر بکرێت . وەرن لەبەرامبەر تیرۆری رۆژنامەنوس وەدات حسێن دەنگی نارەزایەتی گەورەو سەراسەری بەرێ بخەن ، لەهەموو کوێیەکی دنیا تیرۆریزم و دەسەڵاتی ئەحزابی ناسیونالیستی کوردی رۆژنامەنوس کوژ ڕیسوا بکەن . ڕیسوایی بۆ بکوژانی رۆژنامەنوس وەدات حسین .
لەکۆتایدا هاوخەمی خۆم بەتیرۆری رۆژنامەنوس وەدات حسین دەردەبڕم و لەم خەمە گەورەیەدا خۆم بەهاوبەشی خەمیان دەزانم و لەگەڵ نارەحەتیەکانی دایک وباوک وخوشک وبراو کەسوکارو هاورێکانی وەدات حسین وهاوپیشەکانیم کە ئەم خەمە گەورەیان بەسەر هاتووە ، ئێستا دەزانم کەسوکارو دایک وباوک کەسە نزیکەکانی وەدات حسین لەچ ناخۆشیەکدا دەژین ، داخۆ دەبێت دایکی ئازیزی وەدات حسین ئێستا کەسێک هەبێت کەمێک دڵنەوای بکاتەوە فرمیسکەکانی بۆ بوەستێنێت . مەگەر دایکی کاوەو سەردەشت و سۆران بتوانن دڵنەوای دایکی وەدات حسین بدەنەوە ، هەرچەندە دەزانم ئەوانیش چاویان بە دایکی وەدات بکەوێت بەقوڵپ دەگرین چونکە ئەو جەرگ سوتاویەی دایکی وەدات هەیەتی دەمێکە جەرگی دایکی سۆران وکاوەو سەردەشت دەمێکە سوتاوە ….

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *