ئایار 18, 2024

Select your Top Menu from wp menus

پارتی بەرپرسیارە لە خوێنی وداد!

کەمال ڕەئوف:

لەتیرۆركردنی كاوەگەرمیانی وتمان یەكێتی بەرپرسیارە چونكە رووداوەكە لەناوچەی بندەستی ئەو روویداوە. ئێستاش لە هەمبەر تیرۆركردنی وداد حسین، پارتی بەرپرسیارە، تا ئەوكاتەی بكوژە راستەقینەكە و ئەوانەی لەپشتی رووداوەكەن، دەدۆزرێنەوەوەو دەدرێنە دادگایەكی عادیلانە. ئێوەسەیری ئەم موسیبەتە بكەن، كاتێك ئەلێیت بكوژ، راستەوخۆ ئەبێت لەپاڵیا بلێیت بكوژی راستەقینە، نەبا وەك ئەو سیناریۆیەی بۆ تیرۆركردنی سەردەشت عوسمان دروستكراو بكوژێكت لە تەختە بۆداتاشن، كاتێك ئەلێت دادگا، ئەبێت بلێیت دادگایەكی عادیلانە نەك چیرۆكەكەی كەمالی سەیدقادر و چیرۆكەكانی تری هاشێوەی ئەوەت بۆ دوبارە بكەنەوە.
لەم وڵاتە پردیموكراتییە، كە هێندەی ئەمریكاو بەریتانیا لە رۆژنامەو گوتاری بەرپرسەكانیدا باسی دیموكرایەتیەت و ئازادی و شتی تر ئەكرێت، تۆ گەر رەخنەگربیت، رۆژنامەنووسێكی رامنەكراوبیت، ئەبێت كاتێ‌ سواری سەیارەكەت ئەبیت، وریای خۆت بیت، نەك وەك ئاسۆس هەردی لەپایتەختی رۆشنبیری بەكلكەدەمانجە هەڵكوتنە سەرت، جا ئەگەر لەناوەراست و سەنتەری شاریشدا بیت، گەر رەخنە گربیت، ئەبێت خۆت بدەیتە دەست قەدەر نەبا وەك كاوە لەباوەشی دایكتدا دەسترێژی گوللەت لێبكەن، ئەبێت هەموو چركەیەك لەگەڵ مەرگدا پیاسە بكەیت، نەبا لەدەرگای ماڵەكەت بدەن و وەك سۆرانی مامە حەمە لەبەردەركی ماڵەی خۆتدا خەڵتانی خۆێنت بكەن. گەر رەخنەگربیت، ئەبێت، هەموو شتێك داتچڵەكێنێ‌، نەبا وەك سەردەشت عوسمان گومتبكەن و بە سیناریۆیی كوشتنەكەت، پایتەختی پێشەرمەزاربكەن. ئەگەر رەخنەگربوویت، ئەبێت بزانیت، لەم وڵاتە فەلتەكانی دادگا بۆتۆیە و تۆ ئەوكەسەی لەدەرەوەی قەڵاكەیت و بەردەوام سێبەری خیانەت، درۆزنی، ئاژاوەگێری، لەسەرتە و لەگەڵ هەرەشە پیاسە ئەكەیت و مەرگی ناوەختەش وەك رۆژنامەنووس وداد حسین دەستی لەگەردنتە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *