بڕوا ئەسعەد
حەوت ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووس شەهید وەدات کە ئامادە نەبوو مل بدات بۆ سیخوڕیکردن و داخوازییەکانى بکوژان و بەتایبەت پەدەکە، تائێستا بکوژانی ئەو تاوانە نەدۆزراونەتەوەو نەدراون بە دادگا کە لەلایەن پەدەکەوە داڵدە دراون، چالاکوان و ڕۆژنامەنووسانیش پێیانوایە تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنوسان و لە سەروو هەموویانەوە وەدات حسێن ئامانج لێی بێدەنگکردنی دەنگی ئازادە لە بادینان.
حەوت ساڵ بەر لە ئیستا دەستێکى ڕەشی ڕاهاتوو بە تیرۆرکردن وەدات حسێن پەیامنێری ئاژانسەکەمانی لە بادینان ڕفاند و بە شێوەیەکى زۆر نامرۆڤانە و دوور لە هەموو پێوەرێکى مرۆیی ئەشکەنجەیان داو شەهیدیان کرد، تەنیا هۆکارەکەش ئەوە بوو کە یەکەم ئەو بۆ ئاژانسی رۆژنیوز کاری دەکرد و دووەمیان ئەو ملی نەدەدا بۆ داخوازی و سیاسەتەکانی پەدەکە و سیخوڕیان بۆ بکات.
بەشێک لە ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی هەرێمی کوردستان ئاماژە بە مەترسی زیادبوونى هەوڵەکان دەکەن بۆ سنووردارکردنی ئازادی بیروڕا و ڕۆژنامەوانی، پێشیانوایە کە شەهید کردنی وەدات حسێن، زەنگێکی مەترسیداری دەسەڵات بوو، بۆ کپکردنی دەنگی ئازاد.
هەڵوێست نەریمان هونەرمەند و چالاکوانی مەدەنی بۆ ڕۆژنیوز، نیگەرانی خۆی دەربڕی و دەڵێت: بە داخەوە لە دوای تیرۆرکردنی سۆرانی مامە حەمە، عەقڵیەتێک پەرەی سەندووە کە وەڵامی نووسین بە فیشەک بدرێتەوە، ئەمەش کارەساتێکی گەورەیە، لە بەرامبەر نوسینێکدا، ڕۆحی ڕۆژنامەنووس یان نووسەر و شاعیرێک بکرێتە قوربانی، هاوکات زەنگێکی مەترسیدارە بۆ ئەوەی دەنگی ئازاد نەمێنێت و پێمان دەڵێت چیتر نابێت جیاوازی بیرکردنەوەمان هەبێت، دەسەڵاتی کوردی پێمان دەڵێت دەبێت وەکوو ئەوان بیر بکەینەوە.
هەڵوێست نەریمان ئاماژەی بەوەشکرد: تیرۆرکردنی ڕۆژنامەوانان بەردەوامە هەتا دەگات بە گیراوانی بادینان، ئەوەش هەرێمی کوردستان دەخاتە ژێر بەرپرسیارێتیەکی گەورەوە، ڕۆژنامەنوسێک پیشەی ئەوەیە تەنیا بۆچوونە جیاوازەکان بگوێزێتەوە، وەڵامدانەوە بە فیشەک کارەساتێکی گەورەیە.
ئەو چالاکوانە دەشڵێت: ئێمە نیگەرانین بۆ تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسان، هەر لە سۆرانی مامە حەمەوە هەتا دەگات بە شەهید وەدات، ئەوانەشی کە ئێستا لە زیندانن لە دەنگی ئازاد لە زیندانەکاندان.
ڕۆژنامەنووس ئازاد بایز سەبارەت بە تیرۆرکردنی شەهید وەدات حسێن پێوایە تیرۆرکردنی و وەدات حسێن بوومەلەرزەیەک بوو لەناو بواری ڕۆژنامەوانیدا، دەڵێت: نزیک تیرۆرکردنی گیانبەختکردوو، کاکە وەدات، بوومەلەرزەیەکی ناخەهەژێن بوو لە ناو میدیا و بواری ڕۆژنامەوانی کوردیدا.
وتیشی: کپکردنی دەنگە ئازادەکان کارەساتێکی گەورەی مرۆییە، ساڵانە لە ژێر ناوی ئایدیا جیاوازدا توشمان دەبێت، سیاسەتیش وێنایەکی وەهای دروست کردووە، هۆکارێکە بۆ کپکردنی دەنگی ئازاد.
وەدات ساڵی ٢٠١٦ وەک پەیامنێری ئاژانسی رۆژنیوز لە دهۆک دەست بەکار بوو، هێشتا لە مانگەکانی سەرەتای کارکردنیدا بوو لە ئاژانسەکە، لە ١٣ی ئابی ٢٠١٦دا ڕفێندرا و دواتر بە برینداریی دۆزرایەوە، شوێنەواری زۆری ئەشکەنجە بە جەستەیەوە بوو، بەڵام نەیتوانی هیچ قسەیەک بکات و بەشێوەیەکی گوماناویی لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.