حەوت ساڵ بەسەر تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووس وەدات حسێن، پەیامنێری ئاژانسی ڕۆژنیوز لە بادینان تێپەڕ دەبێت، بەڵام تا ئێستا بکوژانی ئاشکرا نەکراون و هیچ کەسێکیش بە تۆمەتی ئەو تیرۆرە دەستگیر نەکراوە، ڕۆژنامەنووسانیش ئاماژە بەوە دەکەن، هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی خراپی ئازادی ڕادەربرین و کاری ڕۆژنامەوانی دایە وەداتیش لە پێناو ئەو ئازادییەدا خوێنی ڕژا و تیرۆر کرا.
حەوت ساڵ پێش ئێستا و لە ڕۆژی ١٣ی ئابی ٢٠١٦ وەدات حسێن عەلی ناسراو بە وەدات دهۆکی، پەیامنێری ئاژانسی ڕۆژنیوز لە دهۆک لەلایەن چەند چەکدارێکی دەمامکدارەوە لە گەڕەکی ماڵتای شاری دهۆک ڕفێندرا و دوای چەند کاتژمێرێک بە برینداریی دۆزرایەوە، دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەش، هەمان ڕۆژ بە هۆی سەختیی برینەکەیەوە شەهید بوو.
ڕۆژنامەنووسانی هەولێر ئاماژە بەوە دەکەن، وەدات حسێن لەپێناو ئازادیدا تیرۆرکراوە تا لەو ڕێگەیەوە دەنگی ئازاد لە بادینان کپ بکرێت، بۆیە ئاشکرا نەکردن و دادگایی نەکردنی تاوانباران، مەترسییە لە سنووردارکردنی ئازدی بیروڕای تاک و کاری ڕۆژنامەوانیدا، ئەمەش بۆتە مایەی نیگەرانی و مەترسی لای ڕۆژنامەنووسان.

ڕۆژنامەنووس ئیبراهیم عەباس باس لەوە دەکات، دەسەڵاتی سیاسی کوردی لە ڕێگای گرتن و تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسان دەیانەوێت دەنگی ئازادیی کپ بکرێت، لە کاتێکدا ڕۆژنامەنووس وەدات حسێن لەسەر ئازادی و کاری ڕۆژنامەوانی تیرۆر کرا، کە بۆچوونی جیاوازی لەگەڵ دەسەڵات و پەدەکە هەبووە.
ئەو ڕۆژنامەنووسە باسی لەوەشکرد: بکوژانی وەدات حسێن ڕوون و ئاشکران کە دەسەڵاتداران و دەستڕۆیشتوویی سنووری بادینانن، بەڵام بە هۆی سەروەر نەبوونی یاسا و دادگاکان بکوژران بە سزای خۆیان نەگەیشتوون.
ئیبراهیم عەباس ئەوەش دەخاتە ڕوو، وەدات حسێن شەهیدی بیر و هزری ئازادیی بووە کە ڕۆژانە خەریکی کاری ڕۆژنامەوانی بووە، هاوکات بە پێویستیشی دەزانێت هەموو ساڵێک یادی وەدات بکرێتەوە و خوێنی بەفیڕۆ نەچێت، تا ئەو کاتەی بکوژان سزا دەدرێن.
وەهاب ئەحمەد ڕۆژنامەنووسێکی دیکەی شاری هەولێرە و دەڵێت: وەدات حسێن لە پێناو ئازادیی و کاری ڕۆژنامەوانیدا خوێنی بەخشی و بەو هۆیەوە تیرۆر کرا، بە داخەوە ماوەی حەوت ساڵە بکەرانی ئەم کردەوە تیرۆییە دادگایی نەکراون و سزا نەدراون.
ئەو ڕۆژنامەنووسە باس لەوەش دەکات، لایەنە پەیوەندارەکانی هەرێم دەتوانن بکوژرانی ڕۆژنامەنووسان بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکەن و بدرێنە دادگا، بەڵام بکوژان دەستگیر ناکرێن دەشڵێت: هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی خراپی ئازادی ڕادەربرین و کاری ڕۆژنامەوانی دایە، بە جۆرێک ڕۆژنامەنووسان لەسەر بیری ئازاد و کاری ڕۆژنامەوانی تیرۆر دەکرێن و دەخرێنە زیندانەوە، ئەمەش ئازادی تاک دەخاتە ژێر پرسیارەوە، لە هەرێمی کوردستان.