لە زەمەنی سەرگەرمیی جەلادە سیاسییەکاندا، لە کانگای تۆقین و لە ناو بادینانی تەنراو بە چەقۆدا، لاوێک، ڕۆژنامەنووسێک، ئازادییخوازێک، گوێی ستەمکارانی بە هاواریی ئازادیی کەڕکرد، شانشینێکی لە ستەم بە چۆکدا هێنا و قەڵەمەکەی بوو بە چرا و ڕۆحیشی هەتاوی ئازادیی، بە مەرگی تراژیدییانەی خۆی، پەردەی هەزار ڕووی دەسەڵاتی دڕندەی ئەم هەرێمەی هەڵماڵی و زەمەنێکی نوێی لە خەباتی ڕۆژنامەگەریی ئازاد هەڵگیرساند، پاڵەوانی ئەم چیرۆکەش شەهید وەدات حسێن’ بوو.
‘وەدات حسێن’ کێ بوو؟
وەدات حسێن عەلی، ناسراو بە وەدات دهۆکی، ساڵی ١٩٨٨ لە گوندی ئەلەکانی سەر بە شارۆچکەی دەڤەری پارێزگای جولەمێرگ-ی باکووری کوردستان، لە خێزانێکی نیشتمانپەروەر لە دایکبووە.
بنەماڵەی وەدات خەڵکی دهۆکن، بەڵام لە دوای ئاشبەتاڵی ساڵی ١٩٧٥، باوکی وەدات ڕوو دەکاتە باکووری کوردستان و لەوێ ژیانی هاوسەرگیریی پێکدەهێنێت، پاشان لە ساڵی ١٩٩٠، دەگەڕێنەوە بۆ باشووری کورستان و لە دهۆک نیشتەجێ دەبنەوە.
قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی، ناوەندیی و ئامادەیی تا پۆلی ١٢ لە شاری دهۆک بە سەرکەوتوویی بڕیوە، بەڵام بەهۆی گوشارە جیاوازەکانەوە بە ناچاری وازی لە خوێندن هێناوە.
وەدات، وەک ئەستێرەیەکی پرشنگدار هەر زوو لە کۆڕی هەڵوێست و تێکۆشان بۆ ئازادیی دەردەکەوێت.
سەرەتا وەک چالاکوانێکی دەڤەری بادینان، ڕۆڵ دەبینێت لە زۆر چالاکیی و خۆپیشاندانی ناڕەزایەتیی دژ بە ستەم و نادادیی و هەڵوێستە نەتەوەییەکان بۆ پشتیوانی لە بەشەکانی دیکەی کوردستان.
دواجار لە ساڵی ٢٠١٦، دەبێتە دەنگ و ڕەنگی حەقیقەت و ڕاستییەکان لە بادینان و وەک یەکەمین وێستگەی کاری ڕۆژنامەوانیی، لە ئاژانسی (ڕۆژنیوز) وەک پەیامنێر دەستبەکار دەبێت، بە قەڵەمە تیژەکەی پەردەی تاریکیی ستەم دەدڕینێت.
دەسەڵاتی سیاسیی هەموو ڕێگایەک دەگرنەبەر تا وەدات ببەنە سەر خوانی ستەمکاریی خۆیان، بەڵام ئەو سوقرات ئاسا نە هەڵدێت و نە ڕادەستیش دەبێت، ئامادەیە ژەهری حەقیقەت بنۆشێت و لە پێناو ئەو ڕێگایەی دەستیپێکردووە گیانی خۆی بەخت بکات.
ئەم هەڵوێست و خۆڕاگرییەش، ترسی زیاتر دەخاتە دڵی دەسەڵاتەوە و چەندین جار، لەلایەن ئاسایشی پارتی دیموکراتی کوردستان-پەدەکەوە داوای لێدەکرێت، لە ئاژانسی ڕۆژنیوز بەردەوامبێت لە کارکردن بەو مەرجەی سیخوڕی بۆ ئەوان بکات، وەداتیش ڕەتی دەکاتەوە، تا دواجار لە ئاسایشی دهۆک بە زمانێکی هەڕەشە ئامیزەوە پێی دەڵێن:” ئیدی چارەسەری تۆ لای ئێمە نەما” ئەمەش ڕێک یەک مانگ پێش تیرۆرکردنەکەی بوو.
وەدات لەو پەیامە تێدەگات و دەزانێت ئیدی کەوتووەتە دووڕیانێکی سەختەوە و یان دەبێت قەڵەمەکەی دابنێت و خەرمانی هەڵوێستەکانی بکات بە سوتماک، یان مەرگ هەڵبژێرێت، بەڵام ئەو بەبێ بیرکردنەوە بڕیاردەدات بژاردەی دووەم هەڵبژێرێت و هەرگیز وشەکانی قوت ناداتەوە.
دواجار لە ١٣ـی ئابی ٢٠١٦، دوای ئەوەی وەدات براکەی دەگەیەنێتە شوێنی کارەکەی و دەگەڕێتەوە، لەلایەن دوو ئۆتۆمبێلەوە پێش و دوای لێ دەگرن و دەمانچە لەسەر سەری دادەنێن و لە ئۆتۆمبێلی خۆی دایدەبەزێنن تورەکە دەکەنە سەری و دەیڕفێنن، دواتر بە برینداریی دۆزرایەوە، کە شوێنەواری ئەشکەنجەیەکی زۆر بە جەستەیەوە بوو، گەیەندرایە نەخۆشخانە، بەڵام نەیتوانی هیچ پەیڤێک بدرکێنێت و بەشێوەیەکی گوماناویی لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
دوای لێکۆڵینەوە لە چۆنییەتی تیرۆرکردنی، شەهید وەدات جەستەی شوێنی ئەشکەنجە و کارەبای پێوە دیاربووە، شیشێک کراوە بە چاوی ڕاستیدا و لە پشتەوە دەرچووە، هەموو پەنجەکانیشی شکێندراوە، قۆڵی ڕاستیشی بە گیرەی ئاسنگەریی شکێندراوە و هەموو ئەو بەڵگانەش خراوەتە بەردەستی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان.
هەشت ساڵ بەسەر تیرۆرکردنی شەهید وەدات’ـدا، تێدەپەڕێت بەڵام هیچ کام لە تاوانبارانی ئەو تیرۆرە دەستگیر نەکراون و ئێستا کەیسەکەی لای دەزگا ئەمنییەکان داخراوە، بەڵام لای ئاژانسی ڕۆژنیوز و بنەماڵەی شەهید و سەرجەم ئازادییخوازان، کەیسی وەدات کراوەیە تا ئەو کاتەی بکەرانی ئەو تاوانە، بە سزای خۆیان دەگەیەندرێن.
ئەمڕۆ لە پاش حەوت ساڵ، لەو تیرۆرە دڕندانەیە، ئەوەی کە گۆڕاوە، تەنها لوولەی تفەنگە و کراوە بە زنجیر و کەلەپچە و کراونەتە دەستی ئەوانەی دەیانەوێت وەدات بکەن بە ڕێچکە؛ بۆ شکاندنی بتی دیکتاتۆر و هەرەمی دەسەڵاتی ستەمکاری ئەم هەرێمە، کە هیچ مەودایەکی بۆ ئازادیی نەهێشتووەتەوە.