ئه‌یلول 21, 2024

Select your Top Menu from wp menus

“نە ژبیردکەین، نە دبۆرین”

شنا فایەق:

“نە ژبیردکەین، نە دبۆرین”، تەنیا دروشمێک نیە و سۆزە بە تۆ و هاوڕێ و هاوسەنگەرانتمان داوە وەداتی ئازیز، تێپەڕبوونی کات ناتوانێت، یەک زەڕە لەو خوێنە ئاڵەی جەستەت لەبەرچاومان ون بکات. بکوژان لەبەرچاوی هەموومان ئاشکرا و دیارن، هەر دەبێت لە دادگایەکی دادپەروەرانە سزای ئەو تاوانە و زۆر تاوانی دیکە وەربگرن و برینی قەتماغە نەگرتوومان ساڕێژ ببێت.

ئەی دەنگە ئازا و ئازادەکەی بادینان!، لە حەوت ساڵی دوای تۆشدا، ئێمە ئەزمونی دەیان ئازاری ترمان کرد، بووین بە بینەری چەندان غەدر و سیناریۆی پڕوپوچ، زیندانیکردنی کەسانی ناڕازیی و بەکارهێنانی دادگا و دەسەڵاتی دادوەریی بۆ تۆڵەکردنەوە لێیان، شاربەدەرکردن و برسییکردن، کۆچبەربوونی هەزاران گەنج و خنکان و لەناوچوونی سەدان کەس لەڕێگای پەناهەندەییدا..

ئێمە زیندانییکردنی ڕێهەڤاڵەکانی تۆمان بینی لە بادینان، لە هەولێر ڕۆژێک شکاندنی کێلی گڵکۆی شەهید سەردەشت، ڕۆژێک هەڵکوتانە سەر ماڵی چالاکوانان، ڕۆژێکی تر دادگاییکردنی ئازادییخوازانمان بینی، ئێمە خوێنی ڕژاوی ناگیهان ئاکارسەلمان بینی بەسەر شەقامەکانی سلێمانییدا جۆگەلەی بەست..

ئەی دەنگە ئازادەکەی بادینان، ئێمە دەزانین قسەکردن لە ئازادیی کاری میدیایی و سەروەریی دادگا وەک ئەوان بانگەشەی بۆ دەکەن، درۆیەکی گەورەیە، بەڵام باز بەسەر ترسدا دەدەین و ئێوە ئاسا، ڕووەو ئازادیی باڵ دەگرین.

فریوی درۆی”ڕاسپاردنی دامەزراوە فەرمییەکان”یشمان نەخواردووە بۆ “دۆزینەوەی تاوانباران”، بەڵکو لای ئازادییخوازان تاوانباران ئاشکران و لە دەرفەتێک دەگەڕێین، تا گەواهیی لەسەر تاوانەکانی ٣٢ ساڵەی حوکمڕانییان بدەین و بە سزای گەلیان بگەیەنین.

سۆرانی مامە حەمە، سەردەشت عوسمان، کاوە گەرمیانی، وەدات حسێن، شوکری زەینەدین و ناگیهان ئاکارسەل، لەم یادەدا دووپاتی دەکەینەوە، ئێوە هێڵی تێکۆشانی ئازادیین و ئێمە ڕێ هەڤاڵتان، لە زیندانیشدا قارەمان شوکری، شێروان شێروانی و گوهدار زێباریی پێشەنگایەتیی ئەو تێکۆشانە دەکەن.

دوای حەوت ساڵ جارێکی تر بەدەنگێکی بەرز دەیڵێینەوە: بە کەمتر لە ئازادیی و ژیانێکی شکۆمەندانە بۆ گەلەکەمان ڕازیی نابین، بە بەرەنگاریی دژی دەسەڵاتێکی ستەمکار و ناداد و نایەکسان بۆ هەمیشە ڕێز لە تۆ و تەواوی شەهیدانی قەڵەم و نان و ئازادیی دەگرین و بەریینتر لە دوێنی بە ڕێگای ئازادیخوازیی و مرۆڤددۆستی ئێوەدا دەڕۆین.

…….
وای لەو ڕۆژەی بارزانییەکان کاریان پێمان دەبێت

مانگی ڕابردوو بوو، لە هەولێرخانەوادەیەک ئاشکرایانکرد، کە کوڕە ١٥ ساڵانەکەیان بەناوی ‘هەڤاڵ’، بە حەوت گولـلە لەپێشەوە و لەسەری دراوە و کوژراوە، ئەوان وتیان، پۆلیس پێیوتوون، “کوڕەکەتان هیچ تاوانێکی نەکردووە، دژە تیرۆر کوشتوویەتی، بەڵام ڕاگەیاندن تێمەگەیەنن، ‘شێخ وەیسی بارزانی’، خۆی لەسەر خەتە”، ڕۆژ و مانگ تێپەڕی و ئەو خانەوادە لە چاوەڕوانی ئەوەدان، تا بزانن کاری ئەوان بۆچی کەوتە لای وەیسی بارزانی؟.

دوابەدوای ئەوان و لەم مانگەدا، ژنێک بە ناوی ‘دیانا’، چیرۆکی ‘هونەر حەمەڕەشید’ی هاوژینی باسکرد، ئەو باوکی دوو منداڵە و دوای تەواوبوونی حوکمەکەی، لە زیندان ئازاد بووە و دۆسیەکەی داخراوە، بەڵام دوای ٤٠ ڕۆژ، لە ئاسایشی هەولێرەوە، تەلەفۆن بۆ هونەر دەکرێت و پێی دەڵین”براگەورە ئیشی پێتە”، هونەر چوو بەدەم ئیشەکەی برای گەورەوە، بەڵام وا بوو بە سێ ساڵ و کاری مەسرور بارزانی هەر تەواونەبوو، ئەو سێ ساڵە لە زینداندایە و چاوەڕێیە، تا کارەکە تەواو ببێت و بگەڕێتەوە ناو خانەوادەکەی.

لەگەڵ بیستنی ئەو چیرۆکانەدا بیرم بۆلای بارزانی باوک چوو، ئەو دەمەی خودی خۆی کارێک دەگرێتە دەست، بەنمونە ساڵی ٢٠١٦ بە کەسوکاری شەهید وەدات-ی وت، “مومكین نییە تاوانێكی وا ون بێت، پێویستە بەزووترین كات تاوانباران بدۆزرێنەوە و سزای یاسایی خۆیان وەربگرن”، بۆ ئەو مەبەستەش، مەسعود بارزانی، دامەزراوە فەرمییەکانی ڕاسپارد، پێنج ساڵ بەسەر تیرۆری وەدات حسێن-دا تێدەپەڕێت، کاری ئەو دامەزراوانەش هەر تەواو نەبوو.

لە ڕاستییدا چاوەڕوانیی لەوەنییە، کە بارزانییەکان کارێکمان بۆ بکەن، فەقەت دوعا ئەکەین، ڕۆژێک کاریان پێمان نەبێت، تا کارمان نەکەوێتە لایان، خۆ ئەگەر ئەوان کاریان پێمان نەبێ، ئێمە هەرگیز کاری خۆمان نابەینە لای ئەوان.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *