ئه‌یلول 21, 2024

Select your Top Menu from wp menus

وەدات حسێن.. قەڵەمێک بۆ ئازادیی و چیایەک لە ئیرادە و ڕادەست نەبوون

لە بادینانی دوو جار داگیرکراودا، گەنجێک هات و قەڵەمی هەڵگرت تا بۆ ئازادیی بنووسێت، دەفتەر و کامێرایەکی گرت بەدەستەوە تا وێنەى ئەو جوگرافیا داگیرکراوە بکێشێت و هاوار بۆ ڕزگار بوونى بکات، ناخ ڕەش و بکوژە ڕاهێنراوەکانى دژ بە ئازادیی کە دەسەڵاتدارانی پەدەکە سپۆنسەریان دەکات گیانیان لێسەند و کامێراکەیان لێ ورد کرد، بەڵام نەیانتوانی قەڵەمەکەی لێ بسەنن و خەونى ئازادیی و ڕزگاریی بکوژن، ئەویش وەدات حسێنە.

وەدات حسێن عەلی، ناسراو بە وەدات دهۆکی، ساڵی ١٩٨٨ لە گوندی ئەلەکانی سەر بە شارۆچکەی دەڤەری پارێزگای جۆلەمێرگ-ی باکووری کوردستان، لە خێزانێکی نیشتمانپەروەر لە دایکبووە.

بنەماڵەی وەدات خەڵکی دهۆکن، بەڵام لە دوای ئاشبەتاڵی ساڵی ١٩٧٥، باوکی وەدات ڕوو دەکاتە باکووری کوردستان و لەوێ ژیانی هاوسەرگیریی پێکدەهێنێت، دواتر لە ساڵی ١٩٩٠، دەگەڕێنەوە بۆ باشووری کورستان و لە دهۆک نیشتەجێ دەبن.

وەداتى شەهید، قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی، ناوەندیی و ئامادەیی تا پۆلی ١٢ لە شاری دهۆک بە سەرکەوتوویی بڕیوە، بەڵام بەهۆی بارودۆخە جیاوازەکانی ژیانى خێزانەکەیەوە بە ناچاریی وازی لە خوێندن هێناوە.

هەر لە لاوێتییەوە وەدات هیوای ئەوەى تێدا بەدی دەکرا بۆ ئازادیی دەست بە تێکۆشان بکات وەک چالاکوانێک ئەسپی خۆی تاودا، بۆیە زوو کەوتە مەیدانى تێکۆشان بۆ ئازادیی و بە کورتە نووسین دەری دەبڕی، دواتر دەستی دایە قەڵەمەکەی و لە ڕێی مایکی ڕۆژنیوزەوە قۆڵی لێ هەڵماڵی بۆ گەیاندنى دەنگ و پەیامی هاوڵاتییانى بادینان.

ساڵی ٢٠١٦ وەدات ئەو حەقیقەت و ڕاستییانەى کە لە بادینان پەردەی ڕەشیان خرابووەسەر و کەس زاتی نەدەکرد پەی پێبەرێت، ئەو بوێرانە دەستی بۆ دەبرد و ئاشکرای دەکرد، بۆیە ئەمە ترسی گەورەی لای دەسەڵات دروست کردبوو، کەوتنە ئەملا و لای بۆ ئەوەى پێی بخلیسکێننە ناو زەلکاوەکەى خۆیان، بەڵام بێهودە بووەن لەو هەوڵانە.

ئاخر کارکردنى وەدات لە بادینانێکدا کە جارێک لەلایەن پەدەکە و جارێکی تر لەلایەن دەوڵەتى تورکەوە داگیرکراوە ئاسان نەبوو، بەڵام ئەو گوێی بەو سەختییە نەدەدا کە دەخرایە بەردەمی، دەسەڵاتى پەدەکە جارێک ویستیان بیکڕن ئەو خۆی نەفرۆشت، ویستان بیترسێنن ئەو نەترسا، ویستیان ئاوارەی بکەن، وەدات ئاوارە نەبوو، ناخ ڕەشەکان مەرگ یان خۆبەدەستەوەدانیان بۆ ئیختیار کرد، ئەو مەرگی هەڵبژارد تا بە سەربەرزیی و لەپێناو ئازادییدا سەربنێتەوە.

وەدات لەو پەیامە تێدەگات و دەزانێت ئیدی کەوتووەتە دوو ڕیانێکی سەختەوە و یان دەبێت قەڵەمەکەی دابنێت و خەرمانی هەڵوێستەکانی بکات بە سوتماک، یان مەرگ هەڵبژێرێت، بەڵام ئەو بەبێ بیرکردنەوە بڕیار دەدات بژاردەی دووەم هەڵبژێرێت و هەرگیز وشەکانی قوت ناداتەوە.

دواجار لە ١٣ـی ئابی ٢٠١٦، دوای ئەوەی وەدات براکەی دەگەیەنێتە شوێنی کارەکەی و دەگەڕێتەوە، لەلایەن دوو ئۆتۆمبێلەوە پێش و دوای لێ دەگرن و دەمانچە لەسەر سەری دادەنێن و لە ئۆتۆمبێلی خۆی دایدەبەزێنن تورەکە دەکەنە سەری و دەیڕفێنن، دواتر بە برینداریی دۆزرایەوە، کە شوێنەواری ئەشکەنجەیەکی زۆر بە جەستەیەوە بوو، گەیاندرایە نەخۆشخانە، بەڵام نەیتوانی هیچ پەیڤێک بدرکێنێت و بەشێوەیەکی گوماناویی لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.

تا ئەم ساتە بکوژانی وەدات حسێن بە ئازادانە دێن و دەچن و بەردەوامن لەسەر کەتنەکانیان بەرامبەر بە ئازادییخوازان و ڕۆژنامەنووسان، بۆیە هەر لەو پارێزگایەى کە جەستەى وەداتى تێدا سارد کرایەوە، کۆتایی مانگی ڕابردوو دادگای دهۆک لە دانیشتنێکی شانۆیی پێشتر ئامادەکراودا سزای سێ ساڵ زیندانیان بەسەر سلێمان ئەحمەد ڕۆژنامەنووس لە ئاژانسی رۆژنیوزدا سەپاند.

لەم ساتەدا چۆن مافیا و چەتەگەریی بۆ بێدەنگکردنى ڕۆژنامەنووسان و ئازادییخوازان لەسەر پێن و وێڵن بۆ کوشتنى هەموو ئازادییەکان، ئاواش سەدان قەڵەم و ئازادییخواز لە بادینانی سەرکەشەوە لەسەر ڕێبازی وەدات لە تێکۆشاندان و قوربانی دەدەن بۆ ئازادبوونى خۆیان نەوەکانیان.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *