حوزه‌یران 16, 2025

Select your Top Menu from wp menus

“بارزانی بەیەك چاو سەیری كەیسەكان ناكات” لەسەر كوشتنی رۆژنامەنووسەكەی دهۆك سەرۆكایەتییەكانی هەرێم بێدەنگیان هەڵبژاردووە

شارپرێس: تیرۆركردنی رۆژنامەنووسان لەهەرێمی كردستان بەردەوامی هەیەو دوێنێش دوای چەند سەعاتێك لەدیارنەمانی تەرمی رۆژنامەنووسێكی ئاژاسی رۆژنیوز بەناوی (وەدات حسێن) لەنزیك پارێزگای دهۆك دۆزرایەوەو سەرۆكایەتییەكانی هەرێمیش لەسەر كەیسەكە بێدەنگن.

دوێنێ 13-8-2016 لەپارێزگای دهۆك رۆژنامەنووسێكی ئاژانسی رۆژنیوزی نزیك لەپارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكە تیرۆركراو تائێستاش هیچ كام لەسێ سەرۆكایەیتییەكەی هەرێمی كوردستان هیچ هەڵوێستێكیان لەسەر رووداوەكە رانەگەیاندووەو بێدەنگیان هەڵبژاردووە.

بێستون فایەق ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤ لەپەرلەمانی كوردستان بەشارپرێسی راگەیاند: هیچ كام لەسێ لەسەرۆكایەتییەكەی هەرێم لەسەر كوشتنی ئەو رۆژنامەنووسە هەڵوێستی خۆیان رانەگەیاندووە، كە پرسیارەكە لێرەدا ئەوەیە كاتێك كەسێك لەكەركوك دەكوژرێت، دەستبەجێ سەرۆكایەتی هەرێم دێتە خەت لیژنەی لەسەر دروستدەكات، بەڵام “كاتێك رووداوێكی كوشتن لەزۆنگی زەرددا دروست دەبێت خۆیان لەگێلی دەدەن‌و بێدەنگی هەڵدەبژێرن”.

بەقسەی بێستون فایەق، سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان هەرگیز بەیەك چاو سەیری هەموو دانیشتوانی هەرێمی نەكردووەو “هێندەی وەك لقێكی پارتی كاری كردووە هێندە خۆی بەموڵكی هەموو هەرێمی كوردستان نەزانیوە، بۆیە بەبۆچوونی من سەرۆكایەتی هەرێم پارتییەك بەشەش ئەوەندەی كەسێكی ئاسایی سەیردەكات”.

لەمانگی رابردوو دوای كوشتنی كەسێك بەناوی بارزان محەمەد لەشاری كەركوك راگەیەنرا، راستەوخۆ مەسعود بارزانی، كە پۆستەكەی چەند مانگێكە كێشەی بۆ لایەنەكان دروستكردووە، لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی لەكوشتنی كەسەكە پێكهێنا.

بەقسەی ئەندامەكەی لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی كوردستان، چاوەڕوانی ئەوە لەسەرۆكایەتی هەرێم ناكرێت لەو رووداوانەی لەهەولێرو دهۆك روودەدەن هیچ بەیاننامە‌و لیژنە لەسەریان دروستبكات، چونكە “خۆیان مەبەستییانە ئەو رووداوانە ونبكەن”.

بێستون فایەق راشیگەیاند: حكومەتی هەرێم بەرپرسیارە لەو رووداوانەو ئیشی حكومەتی هەرێم نییە بە بەیاننامە ئیدانی ئەو رووداوە بكات، بەڵكو حكومەت لایەنی جێبەجێكارەو پێویستە تاوانبار رادەستی یاسا بكات، تا سزای ئەو كارەیان وەربگرن”.

تائێستا روون نییە ئەو رۆژنامەنووسە لەسەر چ كەیسێك كوژراوە، كە هێزە ئەمنییەكانیش لەو بارەوە هیچ روونكردنەوەكیان نەداوەو كەسوكەرەكەشی رایدەگەیەنن دوای ئەشكەنجەدان رۆژنامەنووسەكە تیرۆركراوە.

هــ . ح

14/08/2016‌

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *