حوزه‌یران 16, 2025

Select your Top Menu from wp menus

“لیژنەکانی بارزانی هێندەی کێشەی دروستکردووە، ئەوەندە نەبووەتە چارەسەر”

سەرۆکی پارتی بەبۆنەی تیرۆرکردنی رۆژنامەنوس (ویداد حسێن) پەیامێکی بڵاوکردەوە و جیاواز لە چەند حاڵەتێکی تر، فەرمانی پێکهێنانی لیژنەی نەداوە و تەنها دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی راسپاردووە بە خێرایی لێکۆڵینەوە بکەن و تاوانباران دەستگیربکرێن.

نوسەر و رۆژنامەنوس ئەحمەد میرە لەو بارەیەوە بە(میللەت)ی راگەیاندوە”بارزانی لە ئێستا بەهۆی ئەوەی هیچ شەرعیەتێکی نەماوە، بۆیە ئەگەر لیژنەش دروستبکات یاخود دامەزراوەکانی دەوڵەت راسپێرێت ئەوا هیچ گرنگییەکی نیە ، واتە خودی پەیامەکەی و راسپاردەکانی بۆ لێکۆڵینەوە لەهەر دۆسیەیەک بێت، ئەوا نایاساییە”.

ووتیشی”تیرۆرکردنی ویداد حسێن تیرۆرکردنێکی دەوڵەتییە واتە کە کەسێک تەماشای چۆنێتی تیرۆرکردنەکەی بکات، ئەوا تێدەگات کە هەمان جۆری تیرۆرکردنەکەی سەردەشت عوسمانە. کە بە ئاشکرا لە ناو شار دەڕفێنرێت و دواتر تیرۆر دەکرێت، بۆیە ئەم جۆرە تیرۆرکردنانە تیرۆرێکی رێکخراوی دەوڵەتییە و دەوڵەتیش لە دهۆک بریتییە لە حزبەکەی بارزانی”.

لە پاش تیرۆرکردنی رۆژنامەنوس سەردەشت عوسمان، بارزانی کە ئەو کات سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو، بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی دا بۆ لێکۆڵینەوە لە تیرۆرکردنی ئەو رۆژنامەنوسە، بەڵام هەموو وەڵامی لیژنەکە ئەوەبوو کە سەردەشت عوسمانیان بە تیرۆریست لە قەڵەمدا و گوایە پەیوەندی لەگەڵ گروپێکی تیرۆریستی هەبووە.

ئەحمەد میرە ئاماژەی بەوەشکرد”لە کەیسی تیرۆرکردنی سۆرانی مامە حەمە کە بارزانی لیژنەیەکی پێکهێنا هەتا ئێستا هیچ لیژنەیەکی بارزانی کاریگەریی نەبووە و تەنها دۆسیەکانی شێواندووە”.

لە کۆتایی قسەکانیدا ئەحمەد میرە راشیگەیاند”من لەو بڕوایەدام کە هیچ کەسێک لە شاری دهۆک و لەژێر قەڵەمرەوی بارزانیدا تیرۆر ناکرێت ئەگەر بێتو رازیبوونی بەرپرسێکی گەورەی ئەمنی پارتی لەسەر نەبێت”.

رۆژی شەممە ١٣/٨ رۆژنامەنوسی ئاژانسی رۆژ نیوزی نزیک لە پارتی کڕیکارانی کوردستان (پەکەکە) بە کوژراوی لە شاری دهۆک دۆزرایەوە و بەگوێرەی زانیارییەکانی پۆلیسی دهۆک، ئەو رۆژنامەنوسە پاش ئەوەی لەلایەن چەند کەسێکەوە دەڕفێنرێت، دوای چەند کاتژمێرێک تەرمەکەی دەدۆزرێتەوە و هەتا دەگەیەنرێتە نەخۆشخانە گیان لەدەست دەدات.

15-08-2016

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *