لەلایەن ناسر عەلی: 15/8/2016: رووداو- دهۆك: برایەكی رۆژنامەنووسە تیرۆركراوەكەی شاری دهۆك دەڵێت گومان دەكەن براكەیان لەلایەن ئاسایشەوە كوژرابێ، بەڵام ئاسایش دەڵێت دوور و نزیك پەیوەندییان بەو رووداوەوە نییە. شایەتحاڵێكیش دەڵێت دوو ئۆتۆمبێل پێشیان بە ئۆتۆمبێلەكەی ئەو گەنجە گرت و رفاندیان، لە كاتی رفاندنەكەشی بە خەڵكی ناوچەكەیان گوت هیچ نییە، ئەو گەنجە بە ئۆتۆمبێل لە منداڵێكی داوە و كوشتوویەتی.
كاژێر 12:30ی رۆژی 13/8/2016 تەرمی رۆژنامەنووسێكی خەڵكی دهۆك بەنێوی ویداد حوسێن، تەمەن 28 ساڵ لە گوندی سێجێی سەر بە قەزای سێمێلی شاری دهۆك دۆزرایەوە. ئەو رۆژنامەنووسە كە تاوەكو 10 رۆژ لەمەوبەر لە ماڵپەڕی رۆژ نیوزی سەر بە پارتی كرێكارانی كوردستان كاری كردووە، تیرۆركردنەوەی كاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە.
سێ پەنجەیان بڕیبوو
دەربەند حوسێن، برای ویداد باسی ساتەكانی بەر لە تیرۆركردنی براكەی بۆ (رووداو) كرد و گوتی “كاژێر هەشتی بەیانی برایەكی خۆی گەیاندە سەر كار لە گەڕەكی ماڵتا، براژنەكەشی بردووەتە ماڵی باوكی لە گەڕەكی سێگركا”.
ویداد 11 برا و حەوت خوشكی هەیە، باوكی دوو ژنی هێناوە. ماڵێكی لە كۆمەڵگەی كورایە و ماڵێكیشی لە گەڕەكی گرێباسی شاری دهۆكە. ویداد فەرمانبەر بوو لە بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیریی دهۆك.
تەرمی ویداد هێشتا لە دادپزیشكیی دهۆكە. دەربەند دەڵێت كاژێر یەكی نیوەڕۆ پۆلیسی نەهێشتنی تاوان پەیوەندیيان پێوە كردووە و پێیانگوتووە وەرە نەخۆشخانەی فریاكەوتن. دەربەند گوتی “كە چووم تەرمی ویداد لەوێ دانرابوو، بەشێوەیەكی زۆر دڕندانە تیرۆریان كردبوو، سێ پەنجەیان بڕیبوو، قاچیان شكاندبوو، هەردوو چاوی دەرپەڕیبوون”.
سەبارەت بەو كەسانەشی براكەیان رفاندووە، دەربەند گوتی “دەڵێن كاژێر 10ی سەرلەبەیانی دوو ئۆتۆمبێل لەسەر شەقامێكی گەڕەكی ماڵتا پێش و پاشیان لە ئۆتۆمبێلەكەی گرتووە، دوو كەس كە جلی مەدەنییان لەبەردا بووە، لە ئۆتۆمبێلێك دابەزیون و دەمانچەیان لەسەر سەری داناوە و لە پێش چاوی خەڵك رفاندوویانە”.
دەربەند رەتینەكردەوە كە براكەی لایەنگری پارتی كرێكارانی كوردستان بووە و گوتی “نزیكەی شەش ساڵ بوو لایەنگری پەكەكە بوو، بەشداری چالاكییەكانی پەكەكەی لە سلێمانی و گەرمیان دەكرد، بەڵام قەت نەچووەتە پارچەكانی دیكەی كوردستان”.
“گومانمان لە ئاسایش هەیە”
باوكی ویداد و سێ برای پێشمەرگەی پارتین، بەڵام دەربەندی برای گومانی لە ئاسایش هەیە و دەڵێت “ویداد لەو كاتەوەی بووە پەكەكە، نزیكەی 10 جار لەلایەن ئاسایشەوە بانگ كرابوو، دوایین جار سێ مانگ لەمەوبەر بوو. هەموو جارێك داوایان لێدەكرد واز لە پەكەكە بهێنێ و كار بۆ ئەوان بكات. دواجار لە ئاسایش پێیانگوتبوو ئەگەر كار بۆ ئێمە نەكەی، دۆسیەكەت دەنێرین بۆ ئاسایشی گشتی، بۆیە گومانمان هەیە ئاسایش كوشتبێتی”.
بەڵام سەرچاوەیەك لە ئاسایشی دهۆك ئەو گومانانەی رەتكردەوە و بە (رووداو)ی گوت “دوور و نزیك پەیوەندیمان بەو رووداوەوە نییە، بە پێچەوانەوە زۆر نیگەران بووین، چونكە ئەوە كاریگەری لەسەر ئاسایشی ئێرە دەبێت”. ئەو سەرچاوەیە داوای لە كەسوكاری ویداد كرد گومانیان لە هەر كەسێك هەیە، یان بەڵگەیەكیان لەبەردەستە با لە دادگا سكاڵا تۆمار بكەن”.
“پەكەكە یان میت كوشتوویەتی”
هەرچەندە میدیاكانی سەر بە پەكەكە بەردەوام هەواڵ لەسەر ویداد بڵاودەكەنەوە و ئەو بە رۆژنامەنووسێكی خۆیان لە قەڵەم دەدەن، بەڵام خزمێكی ویداد بە (رووداو)ی گوت “ویداد 10 رۆژ لەمەوبەر وازی لە كاری رۆژنامەڤانی لەگەڵ ماڵپەڕی رۆژنیوز هێنابوو، بۆیە هەندێك دەڵێن رەنگە لەلایەن پەكەكەوە كوژرابێ، چونكە لەوانەیە وا تێگەیشتبن ئەو بووبێتە سیخوڕ لەسەریان و كاری بۆ ئاسایش كردبێ”.
ئەو خزمەی ویداد كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، گوتیشی “ویداد هیچ كێشەیەكی كۆمەڵایەتی نەبوو، قەتیش شەڕی لەگەڵ كەس نەكردووە، بۆیە گومان دەكەین كوشتنەكەی بە پلان و لەسەر كاری سیاسی بووە”.
رفێنەرەكان چییان گوت؟
(رووداو) چووە ئەو شوێنەی كە ویدادی لێ رفێنراوە. بە گوتەی ئەو كەسانەی رووداوەكەیان بە چاوی خۆیان بینیوە، دوو ئۆتۆمبێل بەریان بە ئۆتۆمبێلەكەی ویداد گرتووە و رفاندوویانە.
محەممەد كە دووكاندارێكی ناوچەكەیە و یەكێكە لە شایەتحاڵەكان، گوتی “دوو ئۆتۆمبێلی قەمەرەمان بینین، یەكێكیان لە جۆری كیا بوو، ئەوی دیكەشیان ئۆپترا بوو، لە پێش و پاشی ئۆتۆمبێلەكەی ویداد راوەستان. دوو كەس لە كیایەكە هاتنە خوارەوە، یەكێكیان قژی سپی بوو، دەموچاوی خۆیان دانەپۆشیبوو، دەمانچەیان لەسەر سەری ویداد دانا و لە ئۆتۆمبێلەكەی هێنایانە دەرەوە و كڵاوێكی رەشیان لەسەری كرد، پاشان خستیانە نێو ئۆتۆمبێلەكە”.
محەممەد دیمەنی رفاندنی ئەو گەنجە بە “فیلم” وەسف دەكات و دەڵێت “رفاندنەكە زیاتر لە فیلمێك دەچوو، دوو كەسەكە هاتنە لای ئێمە، بە بادینی قسەیان دەكرد، گوتیان مەترسن هیچ نییە. ئەو گەنجە بە ئۆتۆمبێلەكەی لە منداڵێكی داوە و كوشتوویەتی. پاشان ئۆتۆمبێلەكەی ویدادیان هەر لەوێ بەجێهێشت و رۆیشتن”.
سەبری ساڵح كە فەرمانبەرە لە بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیریی دهۆك، زۆر پەسنی ویدادی دا و گوتی “كەسێكی زۆر هێمن و لەسەرخۆ بوو، دەمانزانی لایەنگری پەكەكەیە، بەڵام زۆر قسەی نەدەكرد، حەزی لە كاری خۆی بوو، تێكەڵی كاری خەڵكی دیكە نەدەبوو”.
پۆلیس: ئارام بگرن
ماڵپەڕی رۆژنیوز دوای تیرۆركردنی ئەو رۆژنامەنووسە بەیاننامەیەكی دەركرد و رایگەیاند “ویداد پەیامنێری ئێمە بوو، پارتی دەستی لە كوشتنی ئەو رۆژنامەنووسەدا هەیە”. بەڵام پۆلیس دەڵێت نابێت پەلە بكەن.
هێمن سلێمان، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی پارێزگای دهۆك دەڵێت “بەڵێن بە كەسوكاری ویداد و خەڵكی كوردستان دەدەین كە بە زووترین كات بكەرانی ئەو تاوانە دەدۆزرێنەوە و سزای خۆیان وەردەگرن”.
ڤیان عەباس، بەرپرسی لقی دهۆكی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان دەڵێت “ئەو بە فەرمی ئەندامی ئێمە نەبوو، بەڵام وەكو هەر رۆژنامەنووسێكی ئەندام دەستمان بە لێكۆڵینەوە كردووە بۆ دەستكەوتنی زانیاری”