برایەكی رۆژنامەنوسە تیرۆركراوەكەی پارێزگای دهۆك قسە لەسەر تیرۆركردنی وەداتی برای دەكاتو دەڵێت، وەدات تیرۆركراوەو دڵنیام كە پارتی و ئاسایش تیرۆریان كردووە.
تارق حسێن برا گەورەی وەداتی تیرۆر كراو بۆ ئاژانسی رۆژنیوز دواوەو هەڵوێستی بنەماڵەكەیانی لەوبارەیەوە ئاشكرا كردووەو بەرپرسیارێتیشی خستۆتە ئەستۆی پارتی دیموكراتی كوردستان.
تارق حسێن دەڵێت، براكەم پێشتر لەلایەن ئاسایشی دهۆكەوە چەندینجار بانگهێشتكراوەو سوكایەتی پێكراوەو هەڕەشەی لێكراوە، دووجار ئەشكەنجەیان داوەو برینداریان كردووە، دواینجار وەدات بەخۆمی وت ئاسایش جارێكی تر بانگیان كردووەو پێیان وتووە دۆسیەكەیان رەوانەی ئاسایشی گشتی دهۆك كردووەو ئەوان چی بڕیارێكی لەسەر بدەن هەر ئەوە دەبێت، كە ئاگادار كرامەوە وەدات تیرۆركراوە راستەوخۆ دڵنیابووم ١٠٠٪ كە (…) پارتی و ئاسایش تیرۆریان كردووە.
براكەی وەدات وتیشی، هەتا لەژیاندا مابم لەچالاكی و هەوڵەكانم بۆ بەسزاگەیاندنی تاوانباران لەچالاكی و خەباتدا دەبم، لەهەرێم و لەدەرەوەی وڵاتیش سكاڵای یاسایی تۆمار دەكەین، ئێمە ١١ برای وەدات هەمومان لەپێناوی دەرخستنی راستییەكاندا ئامادەین ژیانی خۆمان بكەینە قوربانی ئەم كەیسە.
تارق حسێن وردەكاری رووداوەكە دەگێڕێتەوەو دەڵێت، لە قەرەباڵغترین شوێندا لەدهۆك كە تەواوی بازاڕو ماركێتە، دوو ئۆتۆمبێل پێش و پاش لە ئۆتۆمبێلەكەی وەدات دەگرن و بەخەڵكی چوار دەور دەڵێن گوایە لەمنداڵێكی داوەو دەستگیری دەكەن، دواتر بەدڕندانەترین شێوە تیرۆری دەكەن، ئەمەش هەموو كەسێك دەزانێت بەهیچ لایەن و هاووڵاتییەك ناكرێت.
18-08-2016