لێپرسراوی تۆڕی پارێزەرانی خۆبەخشی عێراقی بۆ بەرگری لەئازادیی رادەربڕین ئاشكرای دەكات كە سبەینێ ژمارەیەك پارێزەری خۆبەخش بەدواداچون بۆ دۆسیەی تیرۆركردنی وەدات حسێن دەكەن.
ئاوێنە: دلۆڤان بەرواری لێپرسراوی تۆڕی پارێزەرانی خۆبەخشی عێراقی بۆ بەرگری لەئازادیی رادەربڕین رایگەیاند “سبەینێ (یەكشەممە)، 15 پارێزەری خۆبەخش بۆ بەدواداچون لەدۆسیەی تیرۆركردنی رۆژنامەنوس وەدات حسێن، سەردانی دادگای دهۆك دەكەن.
بەرواری بەرۆژنیوزی وتوە “15 پارێزەری خۆبەخش بەمەبەستی بەدواداچونی كەیسی تیرۆركردنی رۆژنامەنوس وەدات حسێنو چۆنێتیی بەڕێوەچونی دانیشتنەكانی دادگا سەردانی دادگای دهۆك دەكەن”.
ئەو كە سەرۆكایەتی تیمەكە دەكات ئاماژەی بەوەشدا “سەرجەم رێكارە یاساییەكان دەگرینەبەر بۆ سەرپەرشتیكردنی كەیسەكەو دواتر راپۆرتی خۆمان لەسەر كەیسەكە بڵاودەكەینەوە”.
لە13ی ئابی 2016 لەشاری دهۆك رۆژنامەنوس وەدات حسێن دوای رفاندنی لەلایەن چەند چەكدارێكی نەناسراوەوە تیرۆركرا، تائێستاش بكوژەكانی دەستگیرنەكراون.